مۆسکۆ دەستبەرداری دەریای ناوەڕاست نابێت؛ ڕوسیا هێزەکانی لەسوریا بەهێز دەکات‌و پەیامێکی توند دەنێرێت

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 948 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەکاتێکدا کە نەخشەی سیاسیی‌و سەربازیی سوریا دوای ڕوخانی ڕژێمی پێشوو توشی گۆڕانکاریی ڕیشەیی بوە، کۆشکی کرێملین بەخێرایی هاتوەتە سەرهێڵ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی، لێکۆڵینەوەیەکی نوێ پەردە لەسەر پرۆسەیەکی گەورەو فریاگوزاریی لۆجستیی سوپای ڕوسیا لادەدات، کە ئامانج لێی بەهێزکردن‌و کۆکردنەوەی هێز، پێدانی چەک‌و تەقەمەنیه‌ له‌بنکەی ئاسمانیی (حمێمیم)‌و بنکەی دەریایی (تەرتوس)ە لەکەناراوەکانی سوریا، ئەو هەنگاوەش نیشانەیەکی ڕونە کە مۆسکۆ بەهیچ جۆرێک ئامادەنییە پێگەی خۆی لەسەر دەریای ناوەڕاست لەدەستبدات، به‌بێ گوێدانە ئەوەی، کێ لەدیمەشق لەسەر کورسی دەسەڵاتە.


کەشتیی (سپارتا)و گەشتە گوماناوییەکان لەژێر پاراستنی دەریاییدا
به‌گوێره‌ى زانیارییە دزەپێکراوو مەیدانییەکان، کەشتیی بارهەڵگری سەربازیی نیشتمانیی ڕوسیا بەناوی (سپارتا) کە بەیەکێک لەگرنگترین هێڵەکانی گواستنەوەی چەکی قورسی مۆسکۆ دادەنرێت، گەیشتوەتە کەناراوەکانی سوریا، ئەم کەشتییە کە لەژێر چاودێریی‌و پاراستنی توندی کەشتیگەلی جەنگیی ڕوسیادا بوە، بڕێکی یەکجار زۆر لەکەرەستەی سەربازیی پێشکەوتوو، تەقەمەنی قورس‌و سیستمی لۆجستیی نوێی گەیاندوەتە بنکەی حمێمیم، ئەم تەیارکردنە خێرایەش لەکاتێکدایە، ناوچەکە لەناو بۆشایی دەسەڵاتدا دەژیی‌و ڕوسیاش دەیەوێت پێشوەختە هێڵی بەرگریی خۆی قایم بکات.

پەیامەکانی مۆسکۆ بۆ هێزە ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتییەکان
چاودێرانی سیاسیی ئاماژە بەوەدەکەن، ئەم جوڵە سەربازییە تەنها پرۆسەیەکی دابینکردنی پێداویستی نییە، بەڵکو پەیامێکی سیاسیی فرەڕەهەندە، ڕوسیا دەیسەلمێنێت کە بونی لەسوریا هێڵێکی سورەو پەیوەست نییە بەمانەوە یان نەمانی کەسایەتییە سیاسییەکان، هاوكات مۆسکۆ ڕایدەگەیەنێت کە نەک پاشەکشە ناکات، بەڵکو پێگەی خۆی لەڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەهێزتر دەکات تا وەک کارتێکی گوشاری گەورە لەهاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا بیهێڵێتەوە.

داهاتوی کەناراوەکانی سوریا لەنێوان سەقامگیریی‌و گرژیدا
ئەو ڕاپۆرتەی بڵاوبوه‌ته‌وه‌، تیشکدەخاتەسەر ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر؛ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، سوریا هێشتا گۆڕەپانی ململانێی زلهێزەکانە، لەکاتێکدا خەڵکی سوریا چاوەڕێی قۆناغێکی نوێی ئاشتی دەکەن، کۆبونەوەی چەک‌و تەقەمەنی قورسی ڕوسیا لەلازقیەو تەڕتوس نیشاندەدات کە کەناراوەکانی سوریا بۆ ماوەیەکی درێژ لەژێر سێبەری فڕۆکەو کەشتییە جەنگییەکانی مۆسکۆدا دەمێننەوە، ئەمەش ئەگەری ڕودانی پێكدادانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزە نەیارەکاندا بەکراوەیی دەهێڵێتەوە.

بەپەلە