پاکستان دوایین پەیامی ئەمریکا دەگەیەنێتە موجتەبا خامنەیی

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 460 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەردانی موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکسستان بۆ تاران، وەک دوایین هەوڵی دیپلۆماسیی بۆ ڕێگری لە پێکدادانی سەربازیی گەورە لە ڕۆژئاوای ئاسیا و ڕزگارکردنی ڕەشنووسی لێکتێگەیشتنی هەرێمیی سەیر دەکرێت.

 سەرچاوە دیپلۆماسیی و هەواڵگرییە ڕۆژاواییەکان ئاشکرایان کردووە، نەقەوی پەیامێکی بەپەلەی گەیاندۆتە دەست موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، کە لەلایەن عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکسستانەوە دارێژراوە. پەیامەکە وەک ئاگادارکردنەوەیەکی کۆتاییە بۆ ڕزگارکردنی دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران، کە بەهۆی مەرجە قورسەکانەوە بەرەو داڕمان دەچوون.

پاکسستان بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئەمریکا، پێشنیازێکی هەموارکراوی بۆ چارەسەری "گرێی پارە بلۆککراوەکان" خستووەتەڕوو، کە ڕێگەخۆشکەرە بۆ ئازادکردنی مەرجدار و قۆناغبەندیی 24 ملیار دۆلار لە پارە سڕکراوەکانی ئێران. لە بەرامبەردا، دەبێت تاران پابەندبێت بە پشکنینی نائاسایی بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی و ڕێگریکردن لە سوپای پاسداران لە دروستکردنی ئاستەنگ بۆ گەشتە دەریاییەکان لە گەرووی هورمز.

پەیامەکە هۆشداریی داوە لەوەی ڕەتکردنەوەی ئەم پێشنیازە، بەواتای کۆتاییهاتنی دیپلۆماسیی و دەستپێکردنەوەی گەمارۆی ئابووریی توند، گەمارۆی دەریایی و ئەگەری ڕووبەڕوبوونەوەی سەربازیی، بەتایبەت کە واشنتۆن دوای گرژییەکانی مانگی 2ی ڕابردوو، مەرجەکانی قورستر کردووە.

لە ڕەهەندی هەرێمیشەوە، پاکسستان داوای جیاکردنەوەی دۆسیەی ئەتۆمی لە ئاڵۆزییەکانی باشووری لوبنان کردووە و داوای لە تاران کردووە سازش بکات بۆ جێگیرکردنی سوپای لوبنان لە باشووری ڕووباری لیتانی، تا ڕێگری لە تێکدانی ڕێککەوتنی گشتگیر بکرێت.

ئێستا تۆپەکە لە یاریگای ئێراندایە؛ یان واژۆکردنی ڕێککەوتن بۆ ڕزگارکردنی ئابوورییەکەی، یان چوونە ناو جەنگێکی هەمەلایەنە کە بازاڕی وزەی جیهان دەشێوێنێت.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی