شاکارەکەی جیوفری مۆرس..چیرۆکی دیزاینکردنی بەنداوی دوکان‌و بێڵ ماوسەکەی

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1446 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پڕۆژەی ستراتیژیی بەنداوی دوکان کە لەسەرەتای پەنجاکانی سەدەی ڕابردودا لەلایەن ئەندازیاری ناوداری بەریتانی جیوفری مۆرس بێنی دیزاینکراوە، وەک شاکارێکی ئەندازیاریی بێوێنە لەعێراقدا دەناسرێت کە خاوەنی سیستەمێکی سەرڕێژکردنه‌ (بێڵ ماوس)ی دەگمەنەو دوای تاقیکردنەوەی مۆدێلە پێکهاتەییەکانی لەئیمپیریاڵ کۆلێژی لەندەن، لەساڵی 1954 لەلایەن کۆمپانیا فەڕەنسییەکانەوە دەست بەبونیادنانی کراوەو لەساڵی 1959 تەواوکراوە.


بەنداوی دوکان، وەک یەکێک لەگرنگترین پڕۆژە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان‌و عێراق، مێژوەکەی بۆ سەرەتای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، ئەم بەنداوە بەهاوکاری ئەندازیاری ناوداری بەریتانی جیوفری مۆرس بێنی (Geoffrey Morse Binnie)و کۆمپانیا ناسراوەکەی (Binnie & Partners) دیزاینکراوە کە بەهۆی سیستەمی سەرڕێژکردنی قەمعی (بێڵ ماوس) ناوبانگێکی جیهانی هەیە.

جیوفری مۆرس  ئەو ئەندازیارە بەریتانیە بوو کە لەسەرەتای پەنجاکانی سەدەی ڕابردودا دیزاینی بەنداوو بێڵ ماوسەکەی کردوەو دواتر ناردویەتی بۆ (ئیمپیریاڵ کۆلێژی لەندەن) تاپیاچونەوەی بۆ بکەن‌و لەلایەن پرۆفیسۆرە پسپۆڕەکانەوە تاقیکردنەوەی پێکهاتەیی بۆ بکرێت‌و لەکوالێتییەکەی دڵنیاببنەوە.

کارەکانی بونیادنانی بەنداوەکە لەساڵی 1954 دەستیپێکردو لەلایەن چەند کۆمپانیایەکی فەڕەنسییەوە لەساڵی 1959 بەفەرمی تەواوکرا، لەبەهاری ساڵی 1988دا، کاتێک ئاوی بەنداوەکە بۆ یەکەمجار گەیشتە لوتکەو بەناو بێڵ ماوسەکەدا سەرڕێژیکرد، جیوفری بێنی خۆی سەردانی دوکانی کرد بۆ بینینی ئەم دیمەنە سەرنجڕاکێشە.

تائێستاش بەنداوی دوکان‌و سیستەمی بێڵ ماوسەکەی، وەک بەڵگەیەکی زیندوی سەرکوتویی ئەندازیاریی نیوەی سەدەی ڕابردوو و سەرچاوەیەکی سەرەکی ئاوو وزە لەناوچەکەدا ماوەتەوە.

توانای گلدانەوەی فەرمی‌و ئاسایی بەنداوی دوکان 6.8 ملیار مەتر سێجا ئاوە، بەڵام لەکاتی لافاوو بەرزبونەوەی پێوانەیی ئاستی ئاودا، دەتوانێت زۆرترین بڕی گلدانەوەی خۆی تۆماربكات كە دەگاتە 8.3 ملیار مەتر سێجا، کاتێک ئاستی ئاوی دەریاچەکە دەگاتە 511 مەتر لەئاستی ڕوی دەریاوە، بەنداوەکە دەگاتە توانای تەواوی خۆی (6.8 ملیار مەتر سێجا)و ئاوی زیادە لەڕێگەی بێڵ ماوسەکەوە سەرڕێژ دەکات، هاوكات دەریاچەی دوکان لەکاتی پڕبونیدا ڕوبەری 270 کیلۆمەتر دوجا دادەپۆشێت، لەکۆی گشتی ئەو بڕە، 6.14 ملیار مەتر سێجای وەک ئاوی زیندوو (سود لێوەرگیراو بۆ کارەباو کشتوکاڵ) ئەژماردەکرێت‌و ئەوەی دیكه‌ى وەک ئاوی مردوو لەبنکی بەنداوەکەدا دەمێنێتەوە.

بەنداوی دوکان لەمێژوی خۆیدا (لەساڵی 1959وە تائێستا) تەنها دوجار سەرڕێژیکردوە، بەڵام لەئێستادا (کۆتایی بەهاری 2026) زۆر نزیکە لەوەی بۆ سێیەمجار لەمێژودا سەرڕێژ بکات، یەکەمجاریان دوای 29 ساڵ لەدروستکردنی، لەبەهاری ساڵی 1988دا ئاستی ئاوەکە گەیشتە بێڵ ماوسەکە، ئەمە ئەو ساتە مێژوییەبوو کە دیزاینەرەکەی (جیوفری بێنی) خۆی هاتە کوردستان بۆ بینینی.

جیوفری بێنی لەڕۆژى 5ى نیسانى 1989و لەتەمەنی 80 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، کۆچکردنی تەنها ساڵێک دوای ئەوەبوو کە لەبەهاری ساڵی 1988دا سەردانی کوردستان‌و بەنداوی دوکانی کرد بۆ بینینی یەکەمین سەرڕێژکردنی بێڵ ماوسەکە، کە وەک دواین خەڵاتی پڕ بەهای ژیانی ئەندازیاریی خۆی سەیری دەکرد.

جارى دوه‌میش دوای 31 ساڵ چاوەڕوانی‌و دوباره‌بونه‌وه‌ى ئه‌و دیمه‌نه‌، لە2ی نیسانی 2019دا بەهۆی شەپۆلێکی بارانبارینی زۆرو لافاوەوە، بەنداوەکە بۆ دوەمجار سەرڕێژیکردو بوە جێگه‌ی سەرنجی گەشتیارانی عێراق‌و جیهان، بارودۆخی ئێستاش له‌ساڵى 2026دا بەهۆی بارانبارینی زۆری ئەمساڵەوە، بەنداوی دوکان گەیشتوەتە لێواری پڕبون، به‌گوێره‌ى دواین ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەنداوەکە، ئاوەکە تەنها چەند سانتیمەمەترێکی کەمی ماوە بگاتە لوتکەو چاوەڕواندەکرێت لەهەر ساتێکدا بێڵ ماوسەکە بۆ سێیەمجار لەمێژویدا دەست بەسەرڕێژکردن بکاتەوە.

بەپەلە