عێراق ڕێکاری نوێ بۆ بەهێزکردنی دینارو بەرەنگاربونەوەی هەڵاوسان دەگرێتەبەر

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1232 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانى عێراق جێبەجێکردنی پاکێجێک لەڕێکاری توندو پێداگرانەی لەلایەن حکومەتەکەی زەیدییەوە بۆ بەرەنگاربونەوەی گرانبونی کاڵاکان ڕاگەیاندو ده‌ڵێت، "جێگیرکردنی نرخی فەرمی ئاڵوگۆڕو دابینکردنی دارایی هاوردەکردن لەڕێگەی سیستەمی بانکییەوە، وەک قەڵاو هێڵی یەکەمی بەرگری دەمێننەوە بۆ دڵنیابونەوە لەسەقامگیریی نرخەکان‌و چەسپاندنی متمانە بەدیناری عێراقی لەڕوبەڕوبونەوەی هه‌ڕه‌شه‌ جیۆپۆلەتیکی‌و هەرێمایەتییەکاندا".


مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، حکومەت بەسەرۆکایەتی عەلی زەیدی زنجیرەیەک ڕێکاری گرنگی بۆ پاراستنی هێزی کڕینی دینارو کۆنتڕۆڵکردنی ڕێژەی هەڵاوسان لەبازاڕەکاندا جێبەجێکردوە.

به‌گوێره‌ى لێدوانەكه‌ى مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د، جێگیرکردنی نرخی فەرمی ئاڵوگۆڕ بەئامانجی پاراستنی بەهای دەرەکی دراوی نیشتمانی‌و بەهێزکردنی متمانەی هاوڵاتیانە بەدیناری عێراقی.

ده‌شڵێت، "دابینکردنی پێویستی بازرگانان بۆ هاوردەکردنی کاڵاکان لەڕێگەی سیستەمی بانکی فەرمی‌و بەبەکارهێنانی یەدەگی دراوی بیانی دەوڵەت، بوەتە هۆی سنوردارکردنی کاریگەری بازاڕی ڕەش لەسەر نرخی پێداویستییەکان له‌گه‌ڵ فراوانکردنی مۆدێلی نوێی بازاڕکردن، بەتایبەت کردنەوەی فرۆشگه‌ هەرەوەزییەکان‌و شێوازە پێشکەوتوەکانی دیكه‌ى خستنەڕوی کاڵا، کێبرکێی دروستکردوەو ڕێگریی لەبەرزبونەوەی ناڕەوای نرخەکان كردوه‌".

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "کەمبونەوەی یەدەگی دراو، زیادکردنی بێسەروبەری بڕی نەختینە، پشتبەستنی ڕەها بەداهاتی نەوت کە ئێستا بەهۆی ململانێ جیۆپۆلەتیکییەکانەوە لەژێر فشاردایە، لەگەڵ گرژییە هەرێمایەتییەکان، گەورەترین مەترسین بۆ سەر بەهای دراوی نیشتمانی، بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەبڕیاری کارگێڕیی خێرا نابێت، بەڵکو پێویستی بەچاکسازیی درێژخایەن هەیە لەڕێگەی، هەمەجۆکردنی سەرچاوەکانی داهات، کەمکردنەوەی پشتبەستن بەنەوت، چاکسازیی سیستەمی بانکی‌و فراوانکردنی بەکارهێنانی ئامرازەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی".