له‌ئیسرائیله‌وه‌ زانیاریى گرنگ‌و هه‌ستیار ئاشكراده‌كرێت.. بۆچى ئه‌مریكا كشایه‌وه‌؟

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3223 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاشکرابونی پلانێکی هاوبەشی فرەئاستی ئیسرائیل‌و مۆساد بۆ ڕوخاندنی ڕژێمی ئێران‌و ڕۆڵی هێزە کوردییەکان تێیدا، ناکۆکییەکی قووڵ لەنێوان تەلئەبیب‌و واشنتۆن تۆماردەکات، دوای ئەوەی ئەمریکا لەنیوەی ڕێگه‌دا کۆسپ لەبەردەم جێبەجێکردنی پلانەکە دروستدەکات.


به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى له‌زارى بەرپرسێکی باڵاو پێشوی دەزگای هەواڵگریی‌و ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئیسرائیل (مۆساد) کە بەناوی خوازراوى (ئە) ناسێنرا، لەتەلەفزیۆنی کەناڵی 12ی ئیسرائیله‌وه‌ ڕایگەیاندوە، پلانی هاوبەش‌و فرە ئاستى نێوان ئیسرائیل‌و مۆساد بۆ ڕوخاندنی حکومەتی ئێران، بەهۆی بڕیارەکەی ئەمریکا لەمانگی نیساندا بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە، لەئێستادا هەڵپەسێردراوە.

ئەو ئەندامە دێرینەى مۆساد جەختیکردوه‌ته‌وه‌، "حکومەتی ئێران درەنگ یان زوو دەڕوخێت‌و ئێمە هەموو ڕێگه‌کەمان تەواونەکردو لەنیوەی ڕێگاکەدا وەستاین، پلانێکی درێژخایەن‌و هەنگاو بەهەنگاو بوو کە بەتێپەڕبونی کات ئامادەکرابوو، بەڵام لەئێستادا ڕاگیراوە".

ئه‌وه‌شى وت، "ئێمە لەگەڵ هێزێکی ستراتیژی (ئەمریکا) وەک هاوبەشێک چوینە ناو ئەم شەڕەکە کە لەقۆناغێکدا شەڕەکەی وەستاند، بەڵام هەنگاوەکان، لەوانەش بەکارهێنانی هاوبەشە کوردەکان بەئامانجی گۆڕینی حکومەت، دەستیپێکردبوو و پەرەی پێدرابوو".

هەروەها ئەو بەرپرسە ئەمنییە ڕەخنە توندەکانی جۆن ڕاتکلیف بەڕێوەبەری سی ئای ئەی‌و مارکۆ ڕۆبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکاى ڕەتکردەوەو ڕایگەیاند، ئەزمونی 28 ساڵەی ئەویان لەناو مۆسادا نییە، چونکە لەم دەزگایەدا خەیاڵ دەبێتە واقیع.

لەبەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، "ئە" وردەکارییەکی بێوێنەی کارایی مۆسادى لەکاتی شەڕی 12 ڕۆژەدا باسکردو ئاشکرایکرد، یەکەکانی ئۆپەراسیۆنی ئەو دەزگایە بەئامێری سەربازی پێشکەوتوو و چەک‌و کامێرای بینینی تایبەت بەشەو ڕاستەوخۆ لەناوخاکی ئێراندا کاریانکردوە.

ناوبراو بەئاماژەدان بەگۆڕانکارییە گەورەکەی مۆساد، ئاماژەی بەزیادبونی بەرچاوی دامەزراندن‌و ڕاهێنانی بریکارە ناوخۆییەکان لەوڵاتانی دوژمن کردو ئاماژەی بەوەدا، لەئێراندا زۆرێک لەوکەسانە بەهۆی دژایەتی توندیان لەگەڵ حکومەت، بەرگریکردن لەمافی ژنان‌و هاوسەرەکانیان، یان هەستى تۆڵەسەندنەوە لەبەرامبەر بەو زیانانەی کە بەبنەماڵەکانیان کەوتوە، پاڵنەرێکی زۆریان هەبوو بۆ هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل.

هەروەها لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەدۆخی موجتەبا خامنەیی ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی ئەو بەرپرسە پێشوە وتى، "زۆر سەرم دەسوڕمێت ئەگەر ئیسرائیل بەتەواوی نەزانێت لە چ بارودۆخێکدایە".