شارپرێس:
لەژێر سایەی هەڕەشەیەکی زۆر گهوره بۆسەر قەوارەی هەرێمى كوردستان، سێ وڵاتی زلهێزی جیهان هۆشدارییەکی توندو ڕاشکاو دەدەنە سەرکردایەتیی کوردو دهڵێن، "دەوروبەرتان پڕە لەدوپشکو مەترسی، بۆچی پێشمەرگە یەکناخەن؟"، سهرۆكى فراكسیۆنى یهكێتیش لهپهرلهمانى عێراق دهڵێت، "ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتییو پارتی لەسەر پرۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە، دۆسیەی ئەمنیی هەرێمی گەیاندوەتە قۆناغێکی زۆر مەترسیدار".
پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتییو پارتی لەسەر پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، دۆسیەی ئەمنیی هەرێمی گەیاندوەتە قۆناغێکی مەترسیدار، بەجۆرێک کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڕاشکاوی هۆشداریی لەداڕمانی دەستکەوتەکانی کورد دەدات.
هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق لەلێدوانێکدا زانیاریى مهترسیدارى ئاشكراكردو وتى، "لەکۆی پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، سێ وڵاتیان ڕاستەوخۆ خەریکی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەن، بەڵام بەهۆی ململانێی ناوخۆییەوە، ئەم هێزەیان پێ یەکناخرێتەوە".
ئاغا پەردەی لەسەر هۆشدارییەکی توندی هاوپەیمانان هەڵدایەوەو ئاشکرایکرد، "ئەو وڵاتە زلهێزانە بەڕەقترینو شێوازى زۆر مهترسیدارو هۆشداریى ئامێز بەبەرپرسانی کوردیان وتوە، "دەوروبەرتان دوپشکو دڕکو داڵە، بۆچی هێزەکانتان یەکناخەنو بەتەمای چین؟".
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی، بەتوندی ڕەخنەی لەجۆری مامەڵەکردنی پارتیو یەکێتیی گرتو وتى، "دەبوو زۆر بەرپرسیارانەتر مامەڵە بکەن، چونكه ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوامبێت، دورنییە لەداهاتودا نەیاران نیازی زۆر خراپتریان بەرامبەر بەقەوارەی هەرێم هەبێت، کە تەنانەت لەدەنگۆی یەکخستنی پێشمەرگە لەگەڵ حەشدی شەعبیش مەترسیدارتربێت".
لەکۆتاییدا جەختیکردەوە، "تەنها چەکو ڕێگەی ڕزگاربون، دروستکردنی هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوە، چونکە بەبێ هێزێکی یەکگرتوو کە پارێزەری کوردستان بێت، پاراستنی دەستکەوتە مێژوییەکان مەحاڵ دەبێت".
