تۆڕی هاوپەیمانی 19 لەبارەی کەیسی پێشمەرگەکەی پارتی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 234 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

شارپرێس:

تۆڕی هاوپەیمانی 19 لەبارەی کەیسی پێشمەرگەکەی پارتی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، كاتێك هیچ گەرەنتییەك بۆ شەفافیەت و لێكۆڵینەوەیەكی سەربەخۆ و بێ لایەن ئامادەبوونی نەبێت، تۆمەتبار پارێزەری نەبێت و نەهێڵن كەسوكاری راستەوخۆ بیبینن و نەزانن لە كام گرتووخانەیە، راستی رووداوی گیانلەدەستدانی (ئاسۆ مەجید قادر) بە تەموومژاوی دەمێنێتەوە.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

لە بارەی كەیسی پێشمەرگەكەی پارتی-ەوە
سلێمانی، 7ی حوزەیرانی 2026: تۆڕی هاوپەیمانی 19 رایدەگەیەنێت، كاتێك هیچ گەرەنتییەك بۆ شەفافیەت و لێكۆڵینەوەیەكی سەربەخۆ و بێ لایەن ئامادەبوونی نەبێت، تۆمەتبار پارێزەری نەبێت و نەهێڵن كەسوكاری راستەوخۆ بیبینن و نەزانن لە كام گرتووخانەیە، راستی رووداوی گیانلەدەستدانی (ئاسۆ مەجید قادر) بە تەموومژاوی دەمێنێتەوە.

تۆمەتبار (ئاسۆ مجید قادر)، پیشەی پێشمەرگە بوو لە یەكەی پاسەوانی سەر بە هێزەكانی زێرەڤانی. بە پێی ماددەی یەكەم لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003،  لە 2ی نیسانی 2026، پۆلیسی هەولێر  دەستگیریان كرد، و لە رووداوێكی تەموومژاویدا لە 5ی حوزەیرانی 2026،  پۆلیس رایگەیاند كە، "لە ناو گرتووخانەدا كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە"، بەبێ ئەوەی ناو و شوێنی گرتووخانەکە ئاشكرا بكەن.

یاسای ژمارە (21)ی ساڵی 2003، پەیوەندی بە "زیاندان لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان"ەوە هەیە.
هەروەها، دەڵێن، " تیمی نەهێشتنی بەڵگە و تاوان و بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر و ڕاپۆڕتی پزیشكی دادوەری  پشتڕاستی دەكەنەوە کە بە پشت بەستن بە بەڵگەی سەلمێندراو، ناوبراو كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە"

بەڵام، کەسوکارەکەی چیرۆكێكی تر دەگێڕنەوە. ئەوان بە میدیاكانیان راگەیاندووە كە گومانیان بۆ دروستبووە و بڕوایان بە راپۆرتی پزیشكی دادوەری هەولێر نییە، هەر لەبەر ئەمە تەرمەکەیان بردە پزیشكی دادی سلێمانی تا سەرلەنوێ توێكاری بۆ بكرێت، و ئەوانیش رەزامەندییان نیشانداوە کە دووبارە تەرمەكەی توێكاری بۆ بكرێتەوە. تا ئێستا ئەنجامی ئەو توێكاریە ڕانەگەیەندراوە و تەمەكەش بە خاك سپێردرا.

دوابەدوای ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە، دەپرسین ئایا هاوڵاتییەك کە پیشەی (پێشمەرگە)یە و تۆمەتبارە بە تێوەگلان لە زیانگەیاندن لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی پێشمەرگە ئاگادارکراوەتەوە؟  بۆ هیچ روونكردنەوەیەكی نییە؟ ئایا ئاگادارن كە پێشمەرگەیەكیان بەم تۆمەتە لە گرتووخانەی پۆلیسە؟ بۆچی خێزانەكەی لە ماوەی دوو مانگدا نەیانتوانیوە سەردانی بكەن؟ بۆچی پارێزەری بۆ دابین نەكراوە؟ بۆ شوێنی گرتنەكەی بە نهێنی ماوەتەوە؟ ئایا گرتووخانەی نهێنی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە؟  

كاتێك هیچ گەرەنتییەك بۆ شەفافیەت و لێكۆڵینەوەیەكی سەربەخۆ و بێلایەن ئامادەبوونی نەبێت، تۆمەتبار پارێزەری نەبێت و نەهێڵن كەسوكاری راستەوخۆ بیبینن و نەزانن لە كام گرتووخانەیەیە، راستی رووداوی گیان لە دەستدانی (ئاسۆ مەجید قادر) بە تەموومژاوی دەمێنێتەوە و دەرئەنجامە دژبەیەكەكانی ڕاپۆڕتی پزیشكی دادوەری و خانەوادەكەی  گومانی زیاتر دەخەنە سەر راستی رووداوەكە.

تۆڕی هاوپەیمانی 19 لە لایەن كۆمەڵێك رێكخراو و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤەوە دامەزراوە، و سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات. داكۆكی لە پرەنسیپەکانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان.