شارپرێس:
شێوازی ڕێکخستنو تێچوی داراییو چۆنێتى مامەڵەکردن لەگەڵ هاندەرانو بەشێک لەههڵبژارده بەشداربوەکان لەمۆندیالی 2026، هێندە دەنگدانەوەو ڕەخنەی لێکەوتوهتەوە کە هەندێک کەس بەئابڕوچون ناوی دەبەن.
هاندەرانی تۆپی پێ لەمێژە نیگەرانن لەگۆڕانی ڕەوتی ئەم وەرزشە بەرەو لایەنی بازرگانیی، بەتایبەت لەپرسی مافی پەخشی یارییەکانو موچەی خەیاڵیی یاریزانان، بەڵام پێدەچێت فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) لەم چاوچنۆکییەدا ڕیکۆردی شکاندبێت بۆ بەدەستهێنانی قازانجی بێپێشینە لەمۆندیالی 2026.
فیفا بۆ زیادکردنی داهاتی خۆی، ژمارەی ههڵبژاردهكانى بۆ 48 ههڵبژاردهو یارییەکانی بۆ 104 یاریی زیادکرد، لەکاتێکدا لەمۆندیالی پێشودا تەنها 32 ههڵبژاردهو 64 یاریی هەبون.
نرخی بلیتەکانیش بەراورد بەمۆندیالی 2022ی قەتەر کە لەنێوان 11 بۆ 206 دۆلاردا بوو، بازدانێکی ناسروشتیی بەخۆیەوە بینیوەو گەیشتوهتە 600 بۆ 11000 دۆلار، تەنانەت گرانترینیان دوو ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندوە.
سەرەڕای ئەوەی فیفا پێشبینیدەکرد پلاتفۆرمەکانی دوبارە فرۆشتنەوە نرخەکان 15% زیادبکەن، بەڵام ئامارەکان دەریدەخەن بلیتەکان بەکەمتر لە 70%ی نرخی سەرەکیی لەو پلاتفۆرمانەدا دەفرۆشرێنەوە؛ ئەمەش وایکردوە چاودێران پێیانوابێت، فرۆشتنی فەرمی سەرکەوتوو نەبوەو فیفا خۆی بەنهێنیی ئەو شوێنانە بۆ ڕزگاربون لەبلیتەکان بەکاردههێنێت.
هاوکات تێچوی مانەوە لەهۆتێلەکان 300% زیادیکردوە، هەرچەندە 80%ی هۆتێلەکان نەیانتوانیوە حجزکردنی چاوەڕوانکراو تۆماربکەنو نرخی گواستنەوەش وەک پاسەکانی نیویۆرک لە 8 دۆلارەوە بۆ 80 دۆلار بەرزبوەتەوە، بەگشتیی، فیفا پێشبینیدەکات داهاتی ئەم خولە بگاتە 13 ملیار دۆلار.
لەلایەکی دیکەوە، مامەڵەی ئەمریکا لەگەڵ هاندەرانو وهفدهكان بوهتە جێگهی ڕەخنە؛ بۆ نمونە ڕێگریی لەناوبژیوانی سۆماڵی عومەر عەرەتەن کرا بچێتە خاکەکەیەوە، فیفاش ناوی سڕییەوە، ئەمەش وایکرد، سێپ بلاتەری سەرۆکی پێشوو ڕەخنەی توند لەجیانی ئینفانتینۆ بگرێتو بڵێت، ئەگەر ئاسانکاریی بۆ بەرپرسانو ناوبژیوانان نەکرێت، نابێت پاڵەوانێتییەکە لەو وڵاتە سازبکرێت.
هەروەها کۆتوبەندی ڤیزا بۆ هاوڵاتییانی چوار وڵات وەک ئێران، هایتی، سهنیگالو کۆتدیڤوار جێبەجێکرا، بەشێوەیەک تیپی ئێران بۆی نییە زیاتر لە 24 کاتژمێر لەئەمریکا بمێنێتەوەو دەبێت لەمەکسیک نیشتەجێبنو تەنها ڕۆژی یارییەکە بێنو دەستبەجێ بگەڕێنەوە.
تەنانەت سیستمی ئەلیکترۆنیی ئەمریکا ڕێگریی لەچەند یاریزانێکی ئەوروپیش کردوە کە هەندێک کەس هۆکارەکەی بۆ ڕەچەڵەکی ئەفریقییان دەگەڕێننەوە.
ئینفانتینۆ کە بازرگانێکی سویسری-ئیتاڵیەو بەهۆی هاوسەرگیرییەکەیەوە ڕەگەزنامەی لوبنانیشی پێدراوە، پهیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپدا هەیە، تەنانەت خەڵاتێکی بەناوی "خەڵاتی ئاشتیی فیفا" داهێناوە بۆ ئەوەی پێشکەشی ترەمپی بکات.
چاودێران پێیانوایە ئەو لەپشت ئەم لادانە گەورەیەیە کە دەیەوێت لەسەر حسابی یارییو هاندەران بەرزترین قازانج کۆبکاتەوە.
لەکۆتاییدا، زۆرێک لەهاندەران دەپرسن بۆچی پاڵەوانێتییەکە لەوڵاتێکدا دەکرێت کە 45%ی دانیشتوانەکەی هیچ لەسەر مۆندیال نازاننو تۆپی پێ لەنزمترین ئاستی خولیای وەرزشیی ئەواندایە.
