شارپرێس:
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی عێراق، نزیکبونەوەی کاتی کاراکردنی پلانی ساڵانەی قەرزی سندوقی نیشتەجێبون بۆ هاوڵاتیان ڕادەگەیەنێت، وتهبێژی وهزارهتهكهش دهڵێت، "ئەم هەنگاوە بەشێکە لەهەوڵەکانی حکومەت بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی نیشتەجێبونو ڕەخساندنی دەرفەتی گونجاو بۆ ئەوکەسانەی دەیانەوێت خانوو دروستبکەن یان دروستیانكردوهو بۆیان تهواو ناكرێت".
ئیستبرەق سەباح وتەبێژی فەرمی وەزارەتی ئاوهدانكردنهوهو نیشتهجێكردنی عێراق ڕایگەیاند، ئەم پلانە نوێیە هاوتایە لەگەڵ ئاراستەی حکومەت بۆ دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبونی گونجاو بۆ هاووڵاتیان، ئەم قەرزانە هیچ جۆرە سودێکی داراییان ناچێتەسەرو بەتەواوی بۆ هاوکاری هاوڵاتیانەو بڕی پارەکەش بەسەر چەند قۆناغێکدا دابەشدەکرێتو بهگوێرهی پێشکەوتنی کارەکانی دروستکردنی خانوەکە بەخاوەنەکەی دەدرێت".
بهوتهی ئیستبرەق، "سندوقەکە بۆ دابینکردنی ئەم قەرزانە پشت بەسیستەمی "خۆبژێویی" دەبەستێت، واتە ئەو پارانەی لەقەرزارانی پێشوو وەردەگیرێنەوە، دوبارە دەخرێنەوەگەڕ بۆ هاوڵاتیانی نوێ تا وەڵامی ئەو خواستە زۆرە بدرێتەوە".
وتەبێژی وەزارەتهكه ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەرەتای ئهمساڵهوه تائێستا، سندوقەکە بەردەوامبوە لەڕاپەڕاندنی کارەکانی کڕیارانی پێشوو کە ژمارەیان نیشتەجێی حەوت هەزار مامەڵە دەبێتو کارەکانیان گەیشتوەتە قۆناغی کۆتایی.
ئهوهشی وتوه، "پرۆسەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ وەرگرتنی ئەم قەرزە تەنها یەکجار لەساڵێکدا دەکرێتەوەو چەند ڕۆژێکی کەم دەخایەنێت، بۆ ڕێگریکردن لەقەرەباڵغیو لۆد لەسەر سیستەمەکە، وەزارەت بۆ هەر چوار تا پێنج پارێزگایەک تەنها یەک ڕۆژ دیاریدەکات تا هاوڵاتیان بتوانن بەئاسانی ناوی خۆیان تۆماربکەن، لەدواینجاردا کە دەرگای پێشکەشکردن لەمانگی شوباتی ساڵی ڕابردودا کرایەوە، تەنها لەماوەی چوار ڕۆژدا زیاتر لە26 هەزار مامەڵەی قەرز بەسەرکەوتویی وەرگیران".
