شارپرێس:
مەسعود بزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیی نادات، بەڵام دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆمیش نابێت.
ئەم لێدوانە پێش دەستپێکردنی دانوستانەکانی تاران و واشنتۆن لە سویسرا هات، کە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ بەڕێوەدەچێت.
بزشکیان ئاماژەی بەوە کرد کە داواکاریی ئەمریکا بۆ پەرەنەدانی بۆمبی ئەتۆمی شتێکی نوێ نییە و ئەوان ئامادەن بە نووسراویش دووپاتی بکەنەوە کە هیچ مەبەستێکی تریان نییە، بەڵام جەختی کردەوە کە دەستبەرداری مافی خۆیان لە پیتاندن نابن و دەبێت لایەنی بەرامبەر ئەمە قبوڵ بکات.
هاوکات لە سویسرا کۆبوونەوە بەراییەکان لەسەر ئاستی تەکنیکی بە بەشداریی ئەمریکا، ئێران، قەتەر و پاکستان دەستیان پێکرد، بۆ ئامادەکاریی لە پێناو جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە شەڕ کە لە 17ی حوزەیران واژۆ کراوە.
دانوستانکارانی هەردوو وڵات لە پێشبڕکێیەکی 60 ڕۆژەدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی تەکنیکی.
بەپێی بەندی 8ی ڕێککەوتنەکە، ئێران ڕازی بووە چەکی ئەتۆمی نەبێت و نەی کڕێت، هەروەها هەردوولا لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێستا ڕێککەوتوون کە لە گفتوگۆکاندا بە شێوەی دوولایەنە یەکلا دەکرێتەوە.