یەكەم كۆمپانیای نەوتی ئامادەیی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان ڕاگەیاند

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 274 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کۆمپانیای گەڵف کیستۆنی بەریتانی ڕایدەگەیەنێت،  بەتەواوی ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی خێرای هەناردەکردنی نەوت لەهەرێمی کوردستان، لەكاتێكدا عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئامادەیی نیشانداوە بۆ گەرەنتی كردنی لایەنی ئەمنی كۆمپانیا نەوتییەكان لەكێڵگەكانی هەرێمی كوردستان.


کۆمپانیای گەڵف کیستۆن پێترۆلیۆم (GKP) ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، کۆمپانیاکە هێڵە گشتییەکانی ستراتیجییەتی دولایەنەی خستوەتەڕوو، وەکو خۆی دەڵێت بنچینەکەی لەسەر کەمکردنەوەی خەرجییەکان و پاراستنی توانای دارایی و سەرمایەکەیەتی.

کۆمپانیای گەڵف کیستۆن لە 28ی شوباتی 2026دا، بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە، بەشێوەیەکی کاتی بەرهەمهێنانی نەوتی لەکێڵگەی شێخان ڕاگرت؛ لەو بارەیەوە دەڵێت،" ئەمەش بوە هۆی وەستانی سەرچاوەی داهاتی سەرەکیی کۆمپانیاکە کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە".

بەگوێرەی دوایین ڕاپۆرتی کارگێڕیی کۆمپانیاکە، جەخت لەوە کراوەتەوە ژێرخان، تیمەکانی کارکردن و بڕی دارایی پێویست لەدۆخی ئامادەیی دەستبەجێدا ماوەتەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ جێگیربونی دۆخی ناوچەکە، پرۆسەی بەرهەمهێنان بەکۆی تواناوە دەستپێبکاتەوەو نەوت بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان هەناردە بکرێتەوە.

کۆمپانیاکە دەشڵێت،" تیمە تەکنیکییەکانی گەڵف کیستۆن پلانێکی چالاک بۆ پاراستنی کێڵگەکە جێبەجێ دەکەن' تاوەکو لەکاتی ڕەخسانی دەرفەتدا، بەبێ دواکەوتنی تەکنیکی پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت دەستپێبکاتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ڕاگرتنی کارەکان لەکێڵگەی شێخان لە 28ـی شوباتی 2026، وەکو رێکارێکی پێشوەختە بۆ پاراستنی سەلامەتیی کارمەندان و کێڵگەکە بوە، کارگێڕیی کۆمپانیاکە جەخت دەکاتەوە ئەم وەستانە نابێتە 'بەردەوامی نەبونی چالاک و زیان، بەڵکو پرۆسەیەکی رێکخراوە بۆ پاراستنی تواناکانی کێڵگەکە، ئەمەش دەستەبەری ئەوە دەکات لەگەڵ باشبوونی رەوشی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە، ئاستی بەرهەمهێنان راستەوخۆ بگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش ڕاگرتنی. 

هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، کۆمپانیاکە خەرجییەکانی وەبەرهێنان و سەرمایەی بەتەواوی نەگەیاندوەتە سفر، بەڵکو بەشێوەیەکی گونجاو رێکیخستونەتەوە، لەکاتێکدا پڕۆژە جیاوازەکان ڕاگیراون، پڕۆژە زۆر ستراتیجییەکانی پەیوەست بە سەلامەتی بەردەوامن؛ دیارترینیان پڕۆژەی دامەزراندنی سیستمی پێشکەوتووی چارەسەرکردنی ئاوە لە بنکەی بەرهەمهێنانی ژمارە 2 (PF-2). ئامانج لەم پڕۆژەیە گەیشتنە بە بەرزترین ئاستی کارایی و پاراستنی توانای بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.

کۆمپانیای گەڵف کیستۆن لەڕاپۆرتەکەی باس لە 'خۆڕاگرتن لە بەرامبەر قۆناغێکی درێژخایەنی بێ داهات'دا، رێکاری دارایی گرتوەتەبەر بۆ پاراستنی یەدەگی سەرمایەکەی، کۆمپانیاکە دەڵێت،" توانیومانە خەرجکردنی نەختیی مانگانەمان بەڕێژەی نزیکەی 50٪ کەم بکەینەوە".

کۆمپانیاکە لەڕاپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوەدەکات خشتەی کاتی بۆ دەستکردنەوە بەبەرهەمهێنانی نەوت لەکێڵگەی شێخان، بەستراوەتەوە بەدۆخی  سیاسی ناوچەکە ،کارگێڕیی کۆمپانیاکە ئاماژە بەوە دەکات ئاسۆی ئاسایشی ناوچەکە ئاماژەکەی بەرەو باشبونە؛ هۆکاری سەرەکیی ئەمەش واژۆکردنی لێکتێگەیشتنی چوارچێوەی سیاسییە لەنێوان ئەمریکا و ئێران، ڕوداوێک چاوەڕوان دەکرێت گرژییە جیۆ سیاسییەکان لەسەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عێراق و هەرێمی کوردستان کەم بکاتەوە.