سوپاو هەواڵگریی ئیسرائیل: حەماس لەناو خاکی تورکیاوە پلانی هێرش بۆسەر ئیسرائیل دادەنێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 151 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمڕۆ یەکشەممە، دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل (شاباک) و سوپای ئەو وڵاتە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا زانیارییان لەسەر 7 ئەندامی بزوتنەوەی حەماس ئاشکرا کرد، کە تۆمەتبارن بە ئاڕاستەکردن و سەرپەرشتیکردنی دەیان هێرش دژی ئیسرائیلییەکان و هێزە ئەمنییەکان لە کەناری ڕۆژاوا لە ڕێگەی خاکی تورکیاوە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا.

 
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم ئەندامانەی حەماس لە تورکیاوە کاریان لەسەر دامەزراندنی چەکدار، گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی، و ناردنی پارە بۆ کەناری ڕۆژاوا کردووە بۆ پشتگیریکردنی هێرشەکان.

ئەوەش هاتووە: هەروەها کۆبوونەوەیان لەگەڵ چەکدارانی کەناری ڕۆژاوا ئەنجامداوە و ژێرخانی تورکیایان بۆ گواستنەوەی ڕێنماییەکان بەکارهێناوە. شاباک ڕایگەیاندووە کە لە ڕێگەی چەندین لێکۆڵینەوەوە توانیویانە ناسنامەی ئەم کەسانە و ڕۆڵیان لە پشتگیریکردنی چالاکی سەربازی حەماس لە کەناری ڕۆژاوا بسەلمێنن.

سوپا و شاباک جەختیان کردۆتەوە کە بە توندی سەیری هەر پەیوەندییەک لەگەڵ لایەنە چەکدارەکان دەکەن و بەردەوام دەبن لە کارکردن بۆ پووچەڵکردنەوەی هەڕەشەکان و پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل.