شارپرێس:
جی دی فانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی پێشکەوتنی زۆر باشی لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بەدەستهێناوە، و جەختی کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ ڕێککەوتنێکی باشی بۆ هەردوو گەلی ئەمریکا و ئێران دەوێت.
لەشوێنی بەڕێوەچوونی گفتوگۆکان لە بورگنشتاوکی سویسرا، فانس ڕایگەیاند کە گەرووی هورمز کراوەیە و گفتوگۆ تەکنیکییەکان لە هەفتە و ڕۆژانی داهاتوودا بەردەوام دەبن.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئێرانییەکان ڕازی بوون بە بانگهێشتکردنەوەی پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بۆ وڵاتەکەیان، کە ئەمەش وەک هەنگاوی یەکەم بەرەو دەستبەرداربوونی یەکجاری لە چەکی ئەتۆمی یان ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان دادەنرێت و پێشبینی دەکات کارەکانیان لەم هەفتەیەدا دەستپێبکات.
فانس جەختیشی لە بەردەوامی دانوستانەکان کردەوە بۆ چارەسەرکردنی ململانێی نێوان لوبنان و ئیسرائیل و وتی میکانیزمێکمان بۆ داماڵینی چەکی حیزبوڵڵا داناوە و دەمانەوێت ئاسایشی ئیسرائیل بپارێزین و سەروەری لوبنانیش بپارێزین و ئاگربەست لە ناوچەکەدا بەدی بهێنین.
سەبارەت بە داراییەکانی ئێرانیش، ئاماژەی بەوەدا کە دەیانەوێت میکانیزمێک دابنێن کە دەستەبەری بکات ئەو پارانە هاوکاریی گەلی ئێران بکەن نەک بۆ پارەدارکردنی تیرۆر بەکاربێن.