خزمەتگوزاری جیاكردنەوەی خێزان لەفۆرمی خۆراكی ئەلیكترۆنی كارادەكرێت

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 400 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، خزمەتگوزاریی جیاکردنەوەی خێزان لەپسولەی خۆراکی ئەلیکترۆنی لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کارا کرا.


تاڵب حەسەن نیعمە، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچون، لەوەزارەتی بازرگانی عێراق لەڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، خزمەتگوزارییەکە لەپارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، نەینەوا، کەرکوک، بەسرە، زیقار، میسان، دیوانییە، موسەننا، سەڵاحەدین، ئەنبار، کەربەلا، نەجەف کارا کراوە.

وتیشی، ئەم هەنگاوە لەچوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتدایە بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی پسولەی خۆراک و هێنانەکایەی ئاسانکاریی زیاتر بۆ هاوڵاتییان، ئەوەش لەرێگەی بەکارهێنانی سیستمە تەکنەلۆژییە هاوچەرخەکانەوە.

بەڕێوەبەری گشتی ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر ئەم خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییە لەپارێزگاکانی بەغدا، واست، بابل و دیالە خرابوەکار، بەمەش لەئێستا پڕۆژەکە لەتەواوی وڵاتدا گشتگیر کراوەو سەرجەم هاوڵاتییان دەتوانن لەلقەکانی پسولەی خۆراک لەم خزمەتگوزارییە سودمەند بن.