شارپرێس:
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەفەرمی هەڵپەساردنی سزاکانی سەر نەوتی ئێرانی بۆ ماوەی 60 ڕۆژ ڕاگەیاند.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، مۆڵەتێکی گشتی فەرمی بۆ ئێران دەرکرد، کە رێگە بەبەرهەمهێنان، گەیاندن و فرۆشتنی نەوتی خاو، بەرهەمە پترۆکیمیایی و پترۆلییەکانی ئەو وڵاتە دەدات تاوەکو 21ـی ئابی داهاتوو.
بەگوێرەی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەی هەفتەی ڕابردوی نێوان هەردوو لایەن بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگ، ئەمریکا ڕازی بوو لێخۆشبونی فەرمی بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێران، بەرهەمە نەوتییەکان و داتاشراوەکانیان، لەگەڵ سەرجەم خزمەتگوزارییە دارایی و بانکییەکان، دڵنیایی (بیمە) و گواستنەوە دەربکات.
سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەئێکس نوسیویەتی،"هاوتەریب لەگەڵ دانوستاندنە بەرهەمدارە بەردەوامەکانی سویسرا، ئێران پابەند بوە بەتێپەڕبوونی ئازادو کراوە بەناو تەنگەی هورمزدا، رێگە دەدات پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان."
بێسنت نوسیویەتی، "وەک بەشێک لەم چوارچێوەیە، گەنجینەی ئەمریکا مۆڵەتێکی گشتیی کاتیی 60 ڕۆژەی دەرکردوە کە رێگە بەبەرهەمهێنان، گەیاندن و فرۆشتنی نەوتی ئێران دەدات".
