شارپرێس:
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند, هێزەکانی وڵاتەکەی لەباشوری لوبنان بەردەوام دەبن لەئۆپەراسیۆنەکانیان و هیچ سنورێکیان بۆ دانەنراوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو مەترسییانەی دەکرێنە سەر ئاسایشی ئیسرائیل.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەوتارێکدا ڕایگەیاند، فەرمانەکانی ئەو و وەزیری بەرگری بۆ سوپای ئیسرائیل (IDF) زۆر ڕونن و نەگۆڕن، ئەویش بریتییە لەپێدانی ئازادی تەواو بەجەنگاوەرانیان لەباشوری لوبنان بۆ ئەنجامدانی هەر جۆرە چالاکییەکی سەربازی.
ناتانیاهۆ جەختی لەوە کردەوە، ئامانج لەم دەسەڵاتە فراوانە، تێکشکاندنی هەر هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیە کە ڕوبەڕوی سەربازانی ئیسرائیل یان دانیشتوانی ناوچەکانی باکور دەبێتەوە.
وتیشی، "هیچ بەربەست و سنورێک لەبەردەم سوپادا نییە لەم بابەتەداو هەموو گەلی ئیسرائیل لەپشت سەربازەکانمان وەستاون".
ناتانیاهۆ دوپاتیکردەوە، هێزەکانیان لەناوچەی ئارامی باشوری لوبنان دەمێننەوە تا ئەو کاتەی پێویست بێت، بەمەبەستی گەرەنتی کردنی ئاسایشی دانیشتوانی باکورو پاراستنی تەواوی هاوڵاتییانی دەوڵەتی ئیسرائیل.