شارپرێس:
بەرەی گەل لەدەیەمین مانگی ڕوداوەکانی لالەزاردا ڕاگهیهنراوێكى بڵاوكردهوهو ڕایگەیاند، دادگای سلێمانی لەڕێڕەوی یاسایی خۆی لایداوەو داوای لەئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقو هەرێم کرد دەستبەجێ دەستوەردان لەدۆسیەی لاهور شێخ جەنگیو دەستبەسەرکراوانی دیکەدا بکەن، هاوكات هۆشداریدەداتە سەرۆکی هەرێم کە بەرامبەر پاراستنی دەستور بێدەنگ نەبێت.
قەوارەی سیاسیی بەرەی گەل لەڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا کە ئاڕاستەی ڕای گشتیی، حزبە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیو نێردە دیپلۆماسییەکان لەعێراقو هەرێمی کوردستان کراوە، ئاماژەی بەوەکردوە، 10 مانگی تەواو بەسەر هێرشی هێزە چەکدارەکانی یەکێتیی بۆسەر ماڵی لاهور شێخ جەنگی تێدەپەڕێت کە تێیدا ناوبراو وەک سەرۆکی قەوارەکەو ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک هاوڕێی دەستبەسەرکران.
لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، سەرەڕای ئازادکردنی بەشێک لەدەستبەسەرکراوەکان لەماوەی ڕابردودا بەبێ ڕێکاری دادگایی، بەڵام لەئێستادا 27 ئەندامی بەرەی گەل لەزیندانەکانی ئاسایشی سلێمانیو هێزەکانی کۆماندۆی سەر بەیەکێتیی بەدەستبەسەری ماونەتەوە، ئەمەش بوەتە هۆی نیگەرانیی قووڵی سەرکردایەتی قەوارەکە.
بەرەی گەل بەتوندی ڕەخنەی لەسستیی کارەکانی دادگا گرتوەو ڕایگەیاندوە، "دادگای سلێمانی بوەتە بەشێک لەبەرنامەو سیناریۆی لێپرسراوانی یەکێتییو خۆی لەبڕیارەکانی دادگای تەمیزی هەرێم دەدزێتەوە".
بهرهى گهل لهبهرامبهر ئهوهدا، داوای لەئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقو ئەنجومەنی باڵای دادوەریی هەرێم کردوە بەحوکمی یاسا بێنە ناو دۆسیەکەوەو ڕێگەنەدەن بابەتەکە پشتگوێبخرێت.
لەکۆتایی پەیامەکەیدا، بەرەی گەل نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ڕوبەڕوی بەرپرسیارێتییەکی هەستیار کردوهتهوهو ڕەخنەی لێگرتوه کە وەک پارێزەری دەستورو یاسا، تائێستا هیچ هەڵوێستێکی بەرامبەر بەم کێشەیە نەبوە.
قەوارەکە داوای لەتەواوی ویژدانە زیندوەکانی عێراقو کوردستان کردوه بەرامبەر بەم دۆخە بێنەدەنگ بۆ بەرقەراربونی سەروەریی یاساو ئازادکردنی لاهور شێخ جەنگیو هاوڕێکانی.