شارپرێس:
یۆھان فادیفول وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هۆشداری دا لە ئەگەری سەپاندنی سیستەمێکی باج و سەرانە بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز لەدوای ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکا، جەختیشی لەسەر پێویستی دەستەبەرکردنی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لەم ڕێڕەوە گرنگەدا بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان کردەوە.
فادیفول لە میانەی دیدارێکدا لەگەڵ هاووڵاتیان لە بارەگای وەزارەتی دەرەوە لە بەرلین ڕایگەیاند کە کردنەوەی گەرووی هورمز بۆ هاتوچۆی ئازاد بنەمایەکی سەرەکیی یاسای دەریاکانە، و نیگەرانیی خۆی لە هەندێک دەستەواژەی ناڕوون لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران دەربڕی کە گومان دەخەنە سەر گرەنتیبوونی تەواوی ئەم بابەتە.
ئەو بەرپرسە ئەڵمانییە ئاماژەی بەوەش کردووە کە حکومەتی ئەڵمانیا لە کاتی هەڵسەنگاندنی هەنگاوەکانی داهاتوودا بۆ لادانی سزاکانی سەر ئێران، گرنگییەکی تایبەت بە پرسی ئازادیی هاتوچۆ دەدات.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕوونیکردۆتەوە کە مسۆگەرکردنی هاتوچۆی ئازاد دەبێتە هۆی گەڕانەوەی خێرای نرخی نەوت بۆ ئاستی سروشتی خۆی.
ئەم لێدوانانەی فادیفول لە کاتێکدا دێن کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی باجی تێپەڕبوونی لەسەر کەشتییەکانی گەرووی هورمز کردبوو ئەگەر ڕێککەوتنی کۆتایی ئاشتی لەگەڵ ئێران واژۆ نەکرێت، بەو پێیەی پێیوایە وڵاتەکەی شایستەی قەرەبووە لە بەرامبەر پاراستنی ئاسایشی دەریایی ناوچەکەدا.