شارپرێس:
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی
گەلان (هەدەپە) کە لە ساڵی 2016ەوە لە بەندیخانەی ئەدیرنە دەستبەسەرە، داواکارییەکی
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی پارتی گەلی کۆماریی (جەهەپە)ی بۆ ئەنجامدانی دیدارێک
لەناو بەندیخانەدا ڕەتکردەوە.
سەرچاوە میدیاییەکان
ئاماژەیان بەوە کردووە کە دەمیرتاش لە ڕێگەی پارێزەرەکانیەوە بە لایەنی بەرامبەری
راگەیاندووە کە ئامادە نییە پێشوازی لە کڵچدارئۆغڵو بکات. ئەم بڕیارەش دوای ئەوە
هات کە نێجاد ساراتش، ئەندامی تیمی کڵچدارئۆغڵو، ڕایگەیاندبوو کە سەرۆکی جەهەپە بەمەبەستی
ئەنجامدانی دیدارێک سەردانی ئەدیرنە دەکات.
هۆکاری سەرەکیی
ڕەتکردنەوەی ئەم دیدارە بۆ لێدوانە تەلەفزیۆنییەکانی ئەم دواییەی کڵچدارئۆغڵو دەگەڕێتەوە،
کە تێیدا ڕایگەیاندبوو بە هیچ شێوەیەک پەشیمان نییە لە پشتگیریکردنی پرۆسەی لادانی
پارێزبەندیی پەرلەمانی لەسەر دەمیرتاش و زیندانیکردنی لە ڕابردوودا.
ئەم لێدوانانەی
کڵچدارئۆغڵو کاردانەوەی توندی لە ناوەندە سیاسییەکاندا لێکەوتەوە و لەلایەن چەندین
لایەنەوە سەرکۆنە کرا، کە لە سەرووی هەموویانەوە پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان
(دەم پارتی) بوو، کە ڕەخنەی توندیان لەو جۆرە بیرکردنەوە و لێدوانانە گرت.
ئاکۆ عەبدوڵڵا
ئاڵی