لەمەریوان؛ ئیڤێنتی نیگارکێشی لەسەر قوماش بەڕێوەچوو

هەمەڕەنگ

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 158 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئیڤێنتێکی تایبەتی نیگارکێشی لەسەر قوماش بە ڕێبەری ئارینا فەتحی، کچە هونەرمەندی کوردی خەڵکی مەریوان، بە تازەیی لەو شارە بەڕێوە چوو. ئەم چالاکییە کە بە مەبەستی فێرکردنی هونەر لە فەزایەکی دۆستانە و هاوکات یارمەتیدانی باشترکردنی باری دەروونی بەشداربووان ئەنجام درا، هەوڵێکە بۆ دروستکردنی فەزایەکی نوێی هونەری لە مەریوان؛ شارێک کە بە پێی بەڕێوەبەری ئیڤێنتەکە، چالاکییە هونەرییەکانی زیاتر لە دەوری شانۆ دەسوڕێنەوە.
ئارینا فەتحی، هونەرمەندی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەدایکبووی ساڵی 2002ی زایینی لە مەریوان، دەڵێت پەیوەندییەکەی لەگەڵ هونەر هەر لە منداڵییەوە دەستی پێکردووە. بە وتەی ئەو، لە پۆلی چواری سەرەتایی مامۆستاکانی هەستیان بە بەهرە و زەوقی هونەری ئەو کردووە و هەر ئەو پاڵپشتییە بووە هۆی ئەوەی دڵنیابێت هونەر بەشێکی جیا نەکراوەی ژیانی دەبێت.
ئارینا دوای خوێندنی هونەر لە قۆناغی دواناوەندی هونەرستان، لە بەشی نیگارکێشی زانکۆی بوعەلی سینای هەمەدان درێژەی بە خوێندن دا و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی وەرگرت. ئەو تا ئێستا لە حەوت بۆ هەشت پێشانگای گرووپی هونەریدا بەشداری کردووە کە دوویان نێودەوڵەتی بوون؛ یەکێک لە ڕووسیا و ئەوی دیکە لە کەنەدا. زۆربەی کارە نێودەوڵەتییەکانی ئەو لەسەر «شاماران» بوون، هێمایەکی کۆنی کوردی کە بەشێکی گرنگی پرۆژە هونەرییەکانی پێکدەهێنێت. شیاوی ئاماژەیە کە ئارینا لە بواری دیزاینی ڕووبەرگی کتێبیش کاری کردووە و ڕووبەرگی دوو کتێبی دیزاین کردووە. یەکێکیان کتێبی «دوور لە ڕووی خوێنەران» لە نووسینی سەلام قادری و ئەوی دیکە کە هێشتا چاپ نەکراوە لە نووسینی شەریف فەلاح.

هونەر خوڵقاندنە، نەک کۆپی کردن
ئەم هونەرمەندە کوردە پێی وایە جەوهەری هونەر لە خوڵقاندندا دەبینرێت، نەک لە دووبارەکردنەوەی شتەکان. ئارینا دەڵێت: «ئەو کەسانەی دەتوانن وێنەیەکی جوان کۆپی بکەن یان شتێک وەکوو خۆی دووبارە بکەنەوە، لە ڕوانگەی منەوە هێشتا هونەرمەند نین. هونەرمەند ئەو کەسەیە کە شتێکی نوێ ئەخوڵقێنێ».
بە هۆی ئەم تێڕوانینەوە، ئەو لە ساڵانی سەرەتایی چالاکی هونەرییەکەیدا بەرەو هونەری چەمکگەرا و ڕەخنەگرانە چووە و پێی وایە هونەر دەبێت جگە لە تەکنیک، هەڵگری بیرۆکە و واتاش بێت.

«شاماران کۆلێکشن»؛ تێکەڵکردنی هونەر و ژیانی ڕۆژانە
ئارینا لە چەند ساڵی ڕابردوودا پەیجێکی کاری بە ناوی «شاماران کۆلێکشن» دامەزراندووە تا لە ڕێگەی هونەرەوە سەرچاوەیەکی داهاتیش بۆ خۆی دابین بکات. لە ئەم پەیجەدا کاری نیگارکێشی لەسەر تاپۆ، دەفری گڵینە، قوماش و چەندین بەرهەمی دیکە ئەنجام دەدات.
بە وتەی خۆی، یەکەم کەس بووە لە مەریوان کە بە شێوەیەکی پیشەیی لەسەر قوماش نیگارکێشی بکات، بە جۆرێک کە ڕەنگ و نیگارەکان دوای شۆردنەوەش نەسڕێنەوە.

هونەر و تەندروستی دەروونی
بیرۆکەی سەرەکی ئیڤێنتی نیگارکێشی لەسەر قوماش لە خواستی ئارینا بۆ فێرکردنی هونەر بە شێوەیەکی بنەمادارتر سەرچاوەی گرتووە. بەڵام ئەو دەڵێت ئاڵۆزی و فشارە دەروونییەکانی ماوەی دوایی کە شەڕ و ئاڵۆزی لە ئێران بوو، هۆکارێکی دیکە بوون بۆ بەڕێوەبردنی ئەم چالاکییە.

ئەو دەڵێت: «پێم وابوو خەڵک پێویستیان بە شوێنێک هەیە کە بۆ چەند کاژێرێک لە کێشە و گوشارەکانی ژیان دوور بکەونەوە. ویستم ئیڤێنتەکە تەنها پۆلێکی فێرکاری نەبێت، بەڵکوو شوێنێک بێت بۆ ئارامبوونەوە، ناسینەوەی خەڵکی نوێ و تێکەڵبوون بە هونەر.»
ئەم ئیڤێنتانە لە کافەکانی مەریوان بەڕێوە دەچن و جگە لە فێربوونی تەکنیکە هونەرییەکان، بەشداربووان دەرفەتی گفتوگۆ، ئاشنابوون و بەشداری لە فەزایەکی دۆستانەیان دەبێت.

فەزایەکی نوێ بۆ فێرخوازانی هونەر
بەپێی وتەی ئارینا، لە مەریوان چالاکییە هونەرییەکان زۆرجار لە دەوری شانۆ کۆدەبنەوە و بوارەکانی دیکەی هونەر کەمتر شوێنیان هەیە. ئەو هیوادارە ئەم جۆرە ئیڤێنتانە بتوانن شوێنێک بۆ کۆبوونەوەی هونەرمەندان و فێرخوازانی هونەر دروست بکەن.
ئەو هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە هەموو کارەکانی پەیوەندیدار بە ئیڤێنتەکان، لە ئامادەکردنی پۆستەر و ڕێکلامەوە تا ناونووسی بەشداربووان، کڕینی کەرەستە و دۆزینەوەی شوێنی بەڕێوەبردن، بە تەنها خۆی ئەنجامی دەدات.
بەشداربووانی ئیڤێنتەکە لە منداڵانی دە ساڵەوە تا گەورەساڵان بوون و تەنانەت دایک و منداڵیش پێکەوە بەشدارییان تێدا کردووە. بە وتەی ئارینا، ئامانج ئەوەیە کە هونەر بۆ هەمووان بەردەست بێت و تەمەن ڕێگر نەبێت لە بەشداری کردن.

پلان بۆ داهاتوو
دوای سەرکەوتنی یەکەم ئیڤێنتی نیگارکێشی لەسەر قوماش، ئارینا ئامادەکاری بۆ ئیڤێنتێکی نوێ لەسەر نیگارکێشی سەر ئاوێنە دەکات کە بڕیارە سەرەتای هاوین و لە ڕۆژی حەوتی پووشپەڕ لە مەریوان بەڕێوە بچێت.

ئەو دەیەوێت لە داهاتوودا منداڵان و خێزانەکان زیاتر تێکەڵی ئەم چالاکیانە بکات و لە ڕێگەی هونەرەوە پێوەندی نێوان دایک و منداڵ یان باوک و منداڵ پتەوتر بکرێت. هەروەها بڕیاری هەیە ئیڤێنتگەلێک لەسەر دەق و هێما کوردییەکان، بە تایبەتی «شاماران»، ڕێک بخات؛ چونکە بە باوەڕی ئەو، کەلتووری کوردی سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی خوڵقاندنی هونەرییە و هێشتا زۆر بوار بۆ کارکردن لەسەر هەیە.

بەشداربوو: «هەستم بە تێپەڕبوونی سێ کاژێر نەکرد»
سەحەر مەهدەوی، یەکێک لە بەشداربووانی ئیڤێنتەکە، دەڵێت ئەم ئەزموونە بۆی زۆر جیاواز و دڵخواز بووە.
سەحەر دەڵێت: «کاتێک چوومە ناو ئیڤێنتەکە هەندێک ترس و شڵەژانم هەبوو، بەڵام هەڵسوکەوت و ڕێنمایی ئارینا خانم وای کرد زوو هەست  به ئارامبوون بکەم. لەسەر قوماش هێمای هەوریم کێشا و ئەوەندە خەریکی کارەکە بووم کە هەستم بە تێپەڕبوونی سێ کاژێر نەکرد. ئێستاش ئەو کارە هونەرییە لە ماڵم داناوە و هەر کاتێک سەیری دەکەم، هەستێکی خۆش و متمانەی زیاتر بە خۆم دەبەخشێت.»
ئامادەکردنی: ئەحمەد عەبدولحەکیمی

بەپەلە