شارپرێس:
کۆمیسیۆنی ئەوروپا وەڵامی هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکای دایەوەو ڕایگەیاند، یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام مافی سەروەریی تەواویان هەیە بۆ ڕێکخستنی چالاکییە ئابورییەکانیان.
یەکێتی ئەوروپا لەوەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکادا ڕایگەیاند، وڵاتانی ئەندام لەیەکێتییەکە مافی خۆیانە بۆ ڕێکخستنەوەی سیستەم و چالاکییە دارایی و ئابورییەکانیان هەر هەنگاوێک بنێن.
کۆمیسیۆنی ئەوروپا جەختی لەوەکردوەتەوە، هەر باجێک لەم بوارەدا بسەپێنرێت "دورە لەهەر جۆرە جیاکارییەک و بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر هەموو کۆمپانیا گەورەکاندا جێبەجێ دەکرێت، بێ ڕەچاوکردنی وڵاتی بنەڕەتیی کۆمپانیاکە."
کۆمیسیۆنەکە هۆشداریشیدا، یەکێتی ئەوروپا بەخێرایی وەڵامی هەر رێکارێکی تاکلایەنەو بێ پاساو دەداتەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا دەرگایان کراوەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی جیهانی لە چوارچێوەی ئەو بنەمایانەی کە لەگروپی حەوت (G7)دا لەسەری رێککەوتون.
ئەم هەڵوێستەی برۆکسل دوای ئەوە دێت، ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی باجی جومرگیی 100%ی کردبوو بۆ سەر هاوردەی ئەو وڵاتانەی کە باج دەخەنە سەر خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان و کۆمپانیا تەکنەلۆژییە ئەمریکییەکان دەکەنە ئامانج.