شارپرێس:
بەگوێرەی لێدوانی سەرچاوەیەکی ئاگادار، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، ئەمرۆ یەکشەممە نامەیەکی ئاراستەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە و تێیدا پاڵپشتی خۆی بۆ ڕێکارەکانی حکومەت لەپێناو ڕاوەدوونان و لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران ڕاگەیاندووە.
سەرچاوەکە بە ئاژانسی شەفەق نیوزی ڕاگەیاندووە کە سەدر لە ڕێگەی کەسانی نزیکی خۆیەوە نامەکەی گەیاندووە و تێیدا پشتیوانیی تەواوی بۆ هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی و دەستگیرکردنی تۆمەتباران بێ گوێدانە پێگە و لایەنیان دەربڕیوە.
سەدر جەختی لە گرنگی بەردەوامبوونی ئەم هەڵمەتە و پاشەکشەنەکردن کردۆتەوە تا دەستگیرکردنی سەرجەم تێوەگلاوان بە مەبەستی چەسپاندنی سەروەریی یاسا و پاراستنی ماڵی گشتیی.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە هێزە ئەمنییەکان لە بەغدا بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە دەروازەکانی ناوچەی سەوزیان داخست، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی هەڵمەتێکی بەرفراوانی پشکنینی ماڵی چەندین پەرلەمانتار و سیاسیی و سەرمایەدار.
ئەم ڕێکارە توند و بێپێشینانەش هاوشانن لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دەرچوونی لیستێکی فراوانی داواکراوان لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە کە بەرپرسانی باڵا و پاسەوان و بازرگانان دەگرێتەوە، ئەوەش بە تۆمەتی دەوڵەمەندبوون لەسەر حسابی گشتیی و بەهەدەردانی سامانی وڵات.