شارپرێس:
ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی ئاشکرایکرد، ئەمریکا دەستیکردوهتەوە بەحەواڵەکردنی شایستەو داهاتی نەوتیی عێراق بۆ بەغدا، ئەمەش لەپاش ئەو هەڵمەتە فراوانە دێت کە عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق دژی تێوەگلاوانی دۆسیەکانی گەندەڵی دارایی دەستیپێکردوە.
ڕۆژنامەکە لەزاری حەیدەر عەبودی وتەبێژی حکومەتی عێراقەوە گواستویەتییەوە، ناردنی تەمویلی دۆلار بۆ عێراق دەستیپێکردوهتەوەو کێشەکە چارەسەرکراوە.
هاوکات مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانیش دەستپێکردنەوەی حەواڵەکانی پشتڕاستکردوەتەوە، لەکاتێکدا وەزارەتی دەرەوەو خەزێنەی ئەمریکا هیچ لێدوانێکیان لەوبارەیەوە نەداوە.
ئەم پێشهاتە هاوکاتە لەگەڵ هەڵمەتەکەی زەیدیی بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی کە بوە هۆی دەستگیرکردنی دەیان تێوەگلاو، لەنێویاندا چەند ئەندامێکی پهرلهمانى عێراق.
پێشتر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەمانگی نیسانی ڕابردودا ڕەوانەکردنی دۆلاری بۆ عێراق ڕاگرتبوو، لەوکاتەشدا بەرپرسانی عێراقی ڕایانگەیاندبوو، واشنتۆن هاوکارییو دارایی هێزە ئەمنییەکانیشی هەڵپەساردوە.
چەند ساڵێک لەمەوبەر بەهۆی ڕێسا بانکییە نێودەوڵەتییەکانەوە، مەرجی توندو شەفافییەتی زیاتر بەسەر عێراقدا سەپێنرا بۆ چاودێریکردنی ئەو دۆلارانەی وەک یەدەگی دەرەکی لەبانکی فیدراڵی نیویۆرکدا پارێزراون.
