شارپرێس:
ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشكرایكرد، بۆ مەراسیمی ڕێزلێنانو ماڵئاواییكردن لەعەلی خامنەيی ڕێبەری پێشوی ئێران، ئامادهكاریی كراوهو چاوهڕواندهكرێت بەرپرسانی باڵاو وهفدى فەرمی لەنزیکەی 100 وڵاتەوە ئامادهییان ههبێت.
بەقایی لەلێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران ڕونیکردەوە، مەراسیمهكه سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی لەکاتژمێر هەشتەوە بەبەشداریکردنی کەسایەتییە فەرمییەکانو ئاپۆراى جەماوەریی دەستپێدەکاتو تاوەکو نزیکەی کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ بەردەوامدەبێت.
وتیشى، "کاتی ئێوارە، لەکاتژمێر یەکو نیوەوە، تەرخاندەکرێت بۆ پێشوازیکردن لەبەرپرسانی باڵای بیانیو کەسایەتییە سیاسییەکانی بەشدار لەمەراسیمەکەدا، ئێران چاوەڕوانیى ههیه پێشوازیی لەوهفدى نزیکەی 100 وڵات بکات، کە سەرۆکی دەوڵەتو حکومەتەکان، سەرۆکی پەرلەمانەکان، وەزیرانی دەرەوەو نێردراوانی تایبەت لەخۆدەگرێت، لەپاڵ ژمارەیەکی زۆر لەکەسایەتییە گشتییەکانو وهفده جەماوەرییەکان".
ههر لهو ڕوهشهوهو دوای چەندین مانگ لەدورکەوتنەوەی لەدەرکەوتنی میدیایی، مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆکی پێشوتری ئێرانو ئەندامی کۆمەڵەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی ئهو وڵاته، پەیامێکی کورتی بڵاوكردهوهو دهڵێت، "بەبۆنەی مەراسیمی بەخاکسپاردنەکەوە، جارێکی دیکە قوڵترین سەرەخۆشی خۆم بەهۆی شەهیدبونی ڕێبەری کۆچکردوی شۆڕش، ئاڕاستەی سەرکردایەتی شۆڕشو گەلی ئازیزی ئێران دەکەم".
