شارپرێس:
میدیای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەقی رێکەوتنەکەی یەکێتی لەگەڵ نەوەی نوێ بڵاوکردەوە، کە ئەمە دەقەکەیەتی:
دیموکراسی و
پاراستن و بەرجەستەکردنی مافی هاووڵاتیان و باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان و
باشترکردنی حوکمڕانی، هەردوولا (جوڵانەوەی نەوەی نوێ و یەکێتیی نیشتمانیی
کوردستان) ڕێککەوتنێکی سیاسیی ستراتیجی بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگی و ڕێکخستنەوەی
بالانسی هێز لە دیمەنی سیاسیی هەرێمی کوردستان و، بەهێزکردنی هاوبەشیی نیشتمانیی بەشێوەیەک
کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بکات بەبێ جیاوازی و بەڕێوەبردنێکی دادپەروەرانە
و شەفاف بۆ سەرچاوە گشتییەکان دابین بکات؛ ڕێککەوتنێک ئیمزا دەکەن.
ئەم ڕێککەوتنە وەڵامێکە
بۆ ئاڵۆزییە سیاسیی و ئابوورییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق و هەوڵێکە بۆ
دروستکردنی نموونەیەکی نوێی حوکمڕانی کە لەسەر بنەمای دادپەروەری، هاوسەنگی دامەزراوەیی
و شەفافییەت لە بەڕێوەبردنی داهاتە داراییەکاندا بنیات دەنریت و، بۆ زیادکردنی
متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوە فەرمییەکان و، کارکردنی دامەزراوەکانیش بۆ
باشکردنی گوزەران و مووچە و پێشکەشکردنی باشترین خزمهتگوزاری بۆ هاووڵاتیان.
بنەماکانی ئەم ڕێککەوتنە:
یەکەم: ئامانجەکانی
ڕێککەوتن
1. گەڕانەوەی هاوسەنگی و بالانسی هێزە سیاسییەکان
لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی هاوکاریی دامودەزگاکانی حوکمڕانی و پەرلەمان و سیاسیی
و دروستکردنی یەک بلۆکی سیاسیی بۆ ئەم قۆناغە.
2.بەهێزکردنی کاری هاوبەش بۆ پێکهێنانی
دامەزراوە فەرمییەکان لەسەر بنەمای ڕێککەوتن و هاوسەنگی.
3.چەسپاندنی بنەماکانی دادپەروەری و شەفافییەت
لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە و داهاتە داراییەکان کە گرنگترینیان چەسپاندنی یاسای بودجەیە
بۆ هەرێمی کوردستان.
4.پەرەپێدانی سیستمێکی حوکمڕانی دامەزراوەیی
کە سنووردارکردن و نەهێشتنی قۆرخکاری دەسەڵات بکات و چاودێری و لێپرسینەوە بەهێز
بکات.
5.چەسپاندنی بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی
یاسادانان، چاودێری، جێبەجێکردن، و دادوەری لە یەکتری و ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی و بێلایەنی
دەسەڵاتی دادوەری.
دووەم: هاوکاری
لە ئاستی پەرلەمانی کوردستان
1.هەماهەنگی و یەک هەڵوێستی لە ناو پەرلەمانی
کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ پشتیگیری لە چاکسازی سیاسیی و دامەزراوەیی
و پشتگیریکردنی پڕۆژە هاوبەش و گرنگەکان لە پێناو بەیاساییکردنیان.
2.پشتیگیری لە یاساکان کە شەفافییەتی
دارایی و چاودێری لە داهاتە گشتییەکان زیاد دەکەن
3.پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش بۆ چاودێریکردن
لە جێبەجێکردنی چاکسازییەکان و هەڵسەنگاندنی کارکردن.
4.بەهێزکردنی ڕۆڵی پەرلەمانی کوردستان وەک
دەسەڵاتی چاودێری و یاسادانان.
5.ڕێککەوتن لەسەر ئامادەکردنی پڕۆژە یاساکان
و پەسەندکردنیان لە لایەن پەرلەمان و دەزگا تەشریعییەکان.
6.کارکردن بۆ گێڕانەوە و هەموارکردنی ئەو
یاسایانەی پێویستە هەموار بکرێنەوە و ئەو بڕیارانەی بەدەر لە یاساکانی پەرلەمان دەرچوێندراون
و بوونەتە مایەی زیان بۆ ژیان و گوزەرانی چین و توێژە جیاوازەکانی هاووڵاتیان.
7.ئامادەکردنی ئەو پڕۆژە یاسایانەی کە
ئاستی بژیوی هاووڵاتیان باشتر دەکەن و پەسەندکردنیان بەتایبەت لە بوارەکانی تەندروستی،
پەروەردە، هەموو سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان، باج و ڕسوومات>
8.هاوپەیمانیتییەکە پێکەوە کار دەکەن لە
کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێم بۆ چەسپاندنی ئەم خاڵانە و جێبەجێکردنیان:
أ. گێڕانەوەی بڕێک
لە پارەی پاشەکەوتکردن و لێبڕینی مووچەی مووچەخۆران و کردنەوەی ژمارە حیساب بۆیان.
ب. پێدانی سلفەی
زەواج بە گەنجان.
پ. دابەزاندنی
نرخی کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی تر.
ت. کەمکردنەوەی
باج و ڕسوومات لەسەر کاسبکاران.
ج. دۆزینەوەی هەلی
کار بۆ دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان و دامەزراندنی دامەزراوەیەک بۆ ڕاژە و هەلی
کار.
چ. یەکلاکردنەوەی
کێشەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی کاتی و گرێبەست.
سێیەم: هاوکاری
لە ئاستی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
1.یەکخستنی هەڵوێستە سیاسییەکان لە ناو ئەنجومەنی
نوێنەرانی عێراق لەبارەی مافەکانی هەرێم، بەتایبەت بودجە و ماف و شایستە داراییەکانی
هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و پرسی ناوچە جێناکۆکەکان و پێشمەرگە.
2.کاری هاوبەش بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی
مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سیستمی فیدراڵیدا.
چوارەم: بنەماکانی
پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
1.کارکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەتێک پشتبەست
بە بالانسی هێز و لەسەر بنەمای هاوسەنگی سیاسیی و هاوبەشیی ڕاستەقینە.
2.کارکردن بۆ دابەشکاری پۆستەکان لەسەر
بنەمای دادپەروەری لە بەرپرسیاریتییە حکومییەکان.
3.دڵنیابوون لە شەفافییەتێکی تەواو لە بەڕێوەبردن
و کۆکردنەوەی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان.
4.دروستکردنی میکانیزمی چاودێری دارایی سەربەخۆ
بۆ پاراستنی شەفافییەت و لێپرسینەوە.
5.بەهێزکردنی ڕۆڵی دامەزراوەکانی چاودێری،
دادوەری و دەستەی دەسپاکی، دوور لە دەستێوەردانی حزبی.
6.چەسپاندنی مەرجی هەبوونی یاسای بوودجە
کە پەسەندکراوی پەرلەمانی کوردستان بێت و لەژێر چاودێری ئەویش جێبەجێ بکرێت لەلایەن
حکومەتی هەرێمەوە، بەمەرجێک دادپەروەری بۆ هەموو ناوچەکان تێدا بێت.
پێنجەم: بنەما
گشتییەکان
1.هەردوو لایەن پابەند دەبن بە کاری هاوبەش
بۆ ڕێکخستنەوەی ئاڕاستەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەک کە بنەماکانی دیموکراسی
و هاوسەنگی دامەزراوەیی بەهێز بکات.
2.دەستپێکردنی بەرنامەیەکی چاکسازی گشتی
بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی میکانیزمەکانی بڕیارسازی حکومی و پەرلەمانی بەشێوەیەکی شەفەفانە
و دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیرەکان.
3.بەهێزکردنی سەربەخۆیی دەسەڵاتەکانی یاسادانان
و دادوەری و دڵنیابوون لە جیاکاری و جیاوازی نیوان دەسەڵاتەکان.
4.کارکردن لەگەڵ گشت لایەنە سیاسییەکان و
دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ ئامادەکردن و پەسەندکردنی دەستووری هەرێمی کوردستان
کە پارێزەری قەوارە و ماف و شایستەکانی هاووڵاتیان بێت و گەرەنتی پڕۆسەی دیموکراسی
و مافە مەدەنییەکان بکات.
5.پێداچوونەوە بە سیاسەتە دارایی و کارگێڕییەکان
بەشێوەیەک کە بەڕێوەبردنێکی دادپەروەرانەی داهات دڵنیا بکات و دابەشکردنێکی هاوسەنگ
لە نێوان دامەزراوە و ناوچەکاندا دروست بکات.
6.پەیڕەوکردنی ستاندارەکانی حوکمڕانی باش
لە دیاریکردنی کارمەندانی پلە باڵا.
7.کردنەوەی دەرگا بۆ بەشداریکردنی هێزە سیاسیی
و کۆمەڵایەتییەکان لە پڕۆسەی چاکسازی بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی سیاسیی و جێگیریی
دامەزراوەیی.
شەشەم: میکانیزمەکانی
جێبەجێکردن و بەدواداچوونی ئەم ڕێککەوتنە
1.پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە هەردوولا
بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕگە و ماددەکانی ئەم ڕێککەوتنە.
2.ئەنجامدانی کۆبوونەوەی خولی بۆ هەڵسەنگاندن
و دیاریکردنی کەموکوڕییەکان لە ئەگەری هەبوونیان.
کۆتایی
هەردوو لایەن
پشتڕاست دەکەنەوە کە ئەم ڕێککەوتنە هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ دروستکردنی قۆناغێکی
نوێی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان، کە لەسەر بنەمای گێڕانەوەی هاوسەنگی و بالانسی هێز،
دادپەروەری و بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوەکان دروستکرابێت و
کارکردنی هاوبەش بۆ داهاتوویەکی جێگیر و گەشەپێدراو لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتیان.
