ئیمپراتۆریەتیی پارە؛ چۆن فیفا مۆندیال لەوەرزشەوە دەگۆڕێت بۆ بازرگانیی؟

وەرزش

11 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 323 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییە بنکۆڵکارییەکان، بەتایبەت ئەوەی ڕۆژنامەی "زی تێلێگراف" بڵاویکردۆتەوە، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) دەخەنە ژێر پرسیارەوە و پەردە لەسەر خەرجییەکی زەبەلاح و شاهانە لادەدەن کە ڕەخنەگران وەک هەوڵێک بۆ کڕینی دڵسۆزیی و قایمکردنی پێگەی کارگێڕیی، دوور لە کڕۆکی وەرزش، سەیری دەکەن.

 
بەپێی ڕاپۆرتەکە، فیفا بە بڕی 40000 دۆلاری مانگانە نووسینگەیەکی راقی لە نهۆمی 17ی "بورجی ترەمپ" لە مانھاتن بەکرێ گرتووە، هەرچەندە جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا بەڵێنی دابوو ببێتە ناوەندی بەڕێوەبردنی مۆندیال، بەڵام دەرکەوتووە کە %90ی کارەکان لە میامی دەکرێن و ئەم نووسینگەیەی نیویۆرک کە پارەکەی ڕاستەوخۆ دەچێتە باخەڵی خێزانی دۆناڵد ترەمپەوە، چۆڵ و تەنیا بۆ کۆبوونەوەیە.

جگە لەوە، لە کۆی بودجەی خەرجییەکانی مۆندیال کە 3.76 ملیار دۆلارە، پێشبینی دەکرێت تەنیا پسوولەی هۆتێلەکان لەم ساڵەدا 200 ملیۆن دۆلار تێپەڕێنێت.

فیفا لە میامی چەندین هۆتێلی 5 ئەستێرەی وەک "ڕیتز کارڵتۆن"ی گرتووە کە تێچووی شەوێکی 1000 دۆلارە، ئەمەش بۆ حەواندنەوەی شاندی 211 وڵات و هەزاران یاریزانی دێرین.

ئەم خەرجییە زیادەیە بەستراوەتەوە بەو 2.7 ملیار دۆلارەی فیفا وەک پاڵپشتی دەیداتە فیدراسیۆنە نیشتمانییەکان، کە ئەوانیش خاوەن دەنگی یەکلاکەرەوەن لە هەڵبژاردنەکاندا و سەرکەوتنی ئینفانتینۆ بۆ خولێکی تر بەبێ ڕکابەر مسۆگەر دەکەن.

لەکاتێکدا سەرۆکی فیفا بە فڕۆکەی تایبەت و پاسەوانەوە ڕۆژانە دەچێتە دوو یاریی، هاندەران بەدەست گرانییەوە دەناڵێنن؛ کەمترین نرخی بلیتی دووبارە فرۆشتنەوە گەیشتۆتە 1600 دۆلار و پاکێجی ڕێزلێنانی کۆمپانیاکانیش بۆ 6 کورسی لە یاری کۆتاییدا بە 4 ملیۆن دۆلار فرۆشراون.

بەرامبەر ئەمە، فیفا دەڵێت خەرجییەکان لەچاو داهاتی چاوەڕوانکراوی 13 ملیار دۆلار کەمە و ئەوان 11.67 ملیار دۆلار بۆ پەرەپێدانی تۆپی پێ دەگێڕنەوە.

ئەم ئاڕاستە بازرگانییە ناڕەزایەتیی توندی ڕاهێنەرانی لێکەوتۆتەوە؛ گوستافۆ ئالفارۆ، ڕاهێنەری پاراگوای دەڵێت مۆندیال بۆتە تەنیا بازرگانیی و ناوەڕۆکی تۆپی پێ ون بووە.

کارلۆس کیرۆش، ڕاهێنەری غاناش ڕەخنەی لە زیادکردنی تیپەکان بۆ 48 هەڵبژاردە گرتووە و پێیوایە بەهای کێبرکێکەی دابەزاندووە.

سیمۆن بولی، ڕۆژنامەنووسی فەڕەنسی لە کتێبەکەیدا دەڵێت وڵاتە بچووک و هەژارەکان کە پشت بە پارەی فیفا دەبەستن، پارێزگاریی لەم سیستمە چاوچنۆکە دەکەن، چونکە تەنیا پێوەر لای فیفا پارەیە.

بەپەلە