هەنگاوێک بەرەو تێگەیشتن لەنهێنییەکانی ژیان؛ یەکەم خانەی کیمیایی دەستکرد ڕادەگەیەنرێت

تەندروستی

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 382 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
تیمێکی توێژینەوە لە زانکۆی مینیسۆتا دەستکەوتێکی بێپێشینەیان تۆمارکرد بە پەرەپێدانی یەکەم خانەی دەستکرد کە بە تەواوی لە پێکهاتەی کیمیایی بێگیان دروستکراوە و توانای خۆراکپێدان، گەشەکردن و دابەشبوونی هەیە هاوشێوەی خانە سروشتییەکان.

 
 توێژەران ناوی "سبودسیل"یان لێناوە کە وەک بەکتریایەکی سادەیە و تەنیا لە 150 بۆ 200 گەرد پێکهاتووە، لە کاتێکدا خانە سرووشتییەکان ملیۆنان گەردیان تێدایە. ئەم خانەیە دەتوانێت تا پێنج وەچە دابەش ببێت.

کەیت ئەدامالا، زانای سەرەکیی بواری زیندەزانی دەستکرد، ئاماژە بەوە دەکات کە پێکهاتە و خەستیی گشت ماددەکانی ئەم خانەیە بە تەواوی دیاریکراون، ئەمەش دەرفەتی ئەندازیاریکردنیان پێدەبەخشێت.

 یوفال ئلانی، مامۆستای یاریدەدەر، ئەم کارە بە وەرچەرخانێکی ڕاستەقینە دادەنێت چونکە ڕێگە خۆش دەکات بۆ دیزاینکردنی سیستمگەلێک کە سنووردارێتی گەشەکردنی سروشتییان نییە. ئەم دەستکەوتە گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ پەرەپێدانی چارەسەری نوێی شێرپەنجە، بەرهەمهێنانی دەرمان، گرتنی کاربۆن و تێگەیشتن لە چۆنیەتی سەرهەڵدانی ژیان.

سەرباری ئەمەش، زانایان جەخت دەکەنەوە کە ئەم خانەیە بە مانای دروستکردنی ژیانی نوێ نییە، بەڵکو تەنیا پلاتفۆرمێکی توێژینەوەی پێشکەوتووە؛ چونکە ناتوانێت بەبێ دەستێوەردانی مرۆڤ یان بەبێ دروستکردنی ڕایبۆسۆمی تایبەت بە خۆی بەردەوام بێت و پاشەڕۆکەکانیش ڕیسایکل ناکات، بۆیە دوای چەند دابەشبوونێکی سنووردار دەمرێت.

 درو ئاندی، بەشداربوویەکی تری توێژینەوەکە، پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەم داهێنانە لە ئێستادا هیچ مەترسییەکی بایۆلۆجی نییە.

بەپەلە