شارپرێس:
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "شەرقول ئەوسەت"ی سعوودیی، کە پشتی بە سەرچاوە حکومی و ئەمنییەکانی عێراق بەستووە، ئاشکرای کردووە کە ئەو هەڵمەتی دەستگیرکردنە فراوانەی یەکشەممەی ڕابردوو لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە دەستی پێ کرد، لە چوارچێوەی دوو ڕێڕەوی هاوتەریبدا جێبەجێ کراوە.
راپۆرتەکە دەڵێت: یەکێکیان ڕێڕەوێکی زۆر نهێنی بووە و ئامانجی ئەوە بووە کە ئەو "دووانەیە" لەیەک جیا بکاتەوە؛ مەبەست لەمەش پچڕاندنی پەیوەندیی نێوان کەسایەتییە نزیکەکانی تاران لە ناو گروپە چەکدارەکان و تۆڕەکانی قاچاخی نەوت لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت لە بەغدا بووە.
ئەوەش هاتووە: عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، نزیکەی 2 هەفتە پێش دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکە، وردەکارییەکانی پلانەکەی بە نهێنیی تەنها لەگەڵ بازنەیەکی تەسک لە ئەفسەرە باڵاکان تاوتوێ کردووە، بەشێوەیەک زەیدی سەرکردەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" ئاگادار نەکردۆتەوە، ئەمەش بۆتە هۆی دروستبوونی گرژی لە ناو هاوپەیمانیی دەسەڵاتداردا.
هەروەک دەڵێت: دەسەڵاتدارانی بەغدا کاتژمێر 2ی بەرەبەیانی ڕۆژی 28 حوزەیرانی 2026 وەک "کاتی سفر" دیاری کرد، ئۆپراسیۆنەکە بە داخستنی دەروازەکانی ناوچەی سەوز و ڕێگاکانی بەغدا و بڵاوەپێکردنی هێز لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دەستی پێ کرد.
پلانەکە سەرەتا سەرنجی خستە سەر ئامانجەکانی ناو ناوچەی سەوز، بەڵام هاوکات هێزە تایبەتەکان بەرەو ناوچە دوورەدەستەکانی ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا و باشووری وڵات جوڵان. ئامانجی ئەم جوڵانە مۆڵگە و ماڵی ئەو کەسانە بوو کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە هەژموونی ئێرانەوە هەبووە. لە سەرەتای ئۆپراسیۆنەکەدا، وشەی "کودەتا" لە ناو ئامێرەکانی پەیوەندیی گروپە چەکدارەکاندا دەبیسترا، چونکە گومانیان دەکرد جوڵەی سوپا بۆ سەرکوتکردنی ئەوان بێت.
لەبەشێکی تری راپۆرتەکەدا هاتووە: ئەم هەڵمەتە بە فەرمی ناوی "صولە الفجر" (هێرشی بەرەبەیان)ی لێ نراوە، تا ئێستا بووەتە هۆی دەستگیرکردنی دەیان کەس بە تۆمەتی بردنی سامانی گشتی. جەختیشی کردۆتەوە کە بڵاوکردنەوەی وێنەی ئەو پارە زۆرانەی لە ماڵ و کێڵگەی تۆمەتبارەکاندا شاردرابوونەوە، لەگەڵ گرتەی ڤیدیۆیی تانکەکان لە ناوچەی سەوز، وەک پەیامێکی توندی ترساندن بۆ گروپە لایەنگرەکانی ئێران بەکار هێنران تاوەکو ڕێگری بکەن لە هەر کاردانەوەیەکی چەکداری.
سەرچاوە ئەمنییەکان جەختیان لەوەکردۆتەوە کە هەندێک لە داواکراوەکان توانیویانە پێش گەیشتنی هێزەکان هەڵبێن، ئەمەش بەهۆی دزەکردنی زانیاریی و پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە بووە کە تەنها 1 کاتژمێر پێش دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکە پێیان گەیشتووە.
بەرپرسان دەڵێن کە دزەکردنی تۆڕەکانی سەر بە ئێران بۆ ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت، گەورەترین ئاستەنگە لە بەردەم هەوڵەکانی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی دەرەکیی و گەندەڵیی.
بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکی ئۆپراسیۆنەکەی بە "نەشتەرگەرییەکی گەورە" و هەنگاوێکی بوێرانە وەسف کردووە، بەڵام هۆشداریشی دا کە هێشتا کاردانەوەی ئێران دیار نییە. لە بەرامبەردا، سەرکردەیەکی گروپە شیعەکان پێی وایە ئەمە تەنها پەردەیەکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گروپەکانی "بەرەی مقاوەمە" لە عێراقدا.