خێرایی با ڕوداوێك دروست دەكات.. 48 كەس دەبنە قوربانی

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 386 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ماوەی دوو ڕۆژە بایەكی بەهێز زۆربەی ناوچەكانی پاكستانی گرتووەتەوەو بەهۆیەوە ئەمڕۆ پاسێک لەڕێڕەوی خۆی لایداوە کەوتۆتە ناو دۆڵێکی قوڵەوەو لەئەنجامدا 40 کەس گیانیان لەدەستداو 8 کەسی دیکەش بەسەختی بریندار بون.


شایەد ریند، وتەبێژی حکومەتی بەلوچستان ڕایگەیاند، پاسەکە لەناوچەی دانا سار لەنزیک سنوری نێوان ویلایەتەکانی بەلوچستان و خەیبەر پەختونخوا کۆنترۆڵی لەدەستداوەو کەوتوەتە ناو دۆڵێکی پڕ لەبەرد.

ئاماژەی بەوەش کرد کە پاسەکە زیاتر لەتوانای خۆی سەرنشینی بارکردبوو، چونکە سەرنشینەکانی پاسێکی دیکەشی هەڵگرتبوو کە پێشتر لەرێگەکەدا پەکیکەوتبوو.

یەکێک لەبریندارەکانی ڕوداوەکە لەسەر جێگەی نەخۆشخانە بە میدیاکانی راگەیاندووە، کاتێک شۆفێرەکە وەستاوە بۆ ئەوەی سەرنشینانی پاسە هەڵبگرێت، لە نێوان سەرنشینان و شۆفێرەکەدا دەمەقاڵێ دروستبووە. بە وتەی ئەو بریندارە، یەکێک لە سەرنشینەکان لە کاتی رۆیشتندا دەستی خستووەتە سەر ملی شۆفێرەکە، بەو هۆیەوە شۆفێرەکە کۆنترۆڵی لەدەستداوەو پاسەکە کەوتووەتە ناو دۆڵەکەوە. پۆلیس رایگەیاندووە کە خەریکی لێکۆڵینەوەن بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو گێڕانەوەیە.

تیمەکانی فریاگوزاری ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە کاتی رووداوەکەدا 48 کەس لە ناو پاسەکەدا بوون. بەڕێوەبەری گشتی خزمەتگوزارییە فریاگوزارییەکان، رایگەیاند کە تەرمی 40 قوربانییەکە و 8 بریندارەکە رەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری ژۆب کراون.

ئاسیف عەلی زەرداری، سەرۆک کۆماری پاکستان، لە پەیامێکدا هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانییەکان دەربڕی و داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد باشترین چارەسەری پزیشکی بۆ بریندارەکان دابین بکەن. هەروەها سەرفراز بوگتی، سەرۆک وەزیرانی بەلوچستان، خەمباری خۆی بۆ ئەو لەدەستدانە گەورەیە دەربڕی.

رووداوەکانی هاتوچۆ لە پاکستان بەهۆی خراپی رێگەوبان، جێبەجێ نەکردنی یاساکانی هاتوچۆ و شۆفێریی بێباکانە بەردەوام روودەدەن، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکاندا. لە مانگی ئایاری رابردووشدا لە رووداوێکی هاوشێوە لە باکووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە 17 کەس گیانیان لەدەستدابوو.

بەپەلە