شارپرێس:
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند کە عێراق هەوڵی چاکسازیکردن لە کەرتی بانکیی و کۆتاییهێنان بە گۆشەگیرییەکەی لە سیستمی دارایی جیهانییدا دەدات، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ وەرچەرخان بەرەو ئابوورییەکی بەرهەمهێنەر و ڕاکێشانی وەبەرهێنان.
ساڵح ئاماژەی بەوەش کرد کە دەزگای بانکیی بەهۆی بارودۆخەکانی ڕابردووەوە زیانی پێگەیشتووە کە ڕێگر بوون لە تێکەڵبوونی لەگەڵ جیهاندا، ئەمەش پێویستی بە سەرلەنوێ ڕێکخستنەوە هەیە بەپێی پێوەرەکانی حوکمڕانی، شەفافیەت و پابەندبوونی نێودەوڵەتی.
جەختیشی کردۆتەوە کە ئەم چاکسازیانە پێکدێن لە یەکخستنی هەندێک بانکی ئەهلی، سڕینەوەی ژمارەیەکی سنووردار لەوان، زیادکردنی سەرمایە و هێنانی هاوبەشی ستراتیژیی لە بانکە جیهانییەکانەوە، هاوکات لەگەڵ پەیڕوکردنی سیستمی نوێی وردبینی و ژمێریاری.
هەروەها جەختی لە گرنگی پابەندبوون بە پێوەرەکانی گرووپی کاری دارایی (FATF) کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆر، کە ڕۆڵی هەیە لە بەهێزکردنی متمانەی نێودەوڵەتیی و باشترکردنی ڕیزبەندی قەرزی عێراق.
ساڵح ئاماژەی بەوەش کردووە کە عێراق لە ئێستادا نەخشەڕێگایەکی گشتگیر بۆ چاکسازی جێبەجێ دەکات، و پێشبینی دەکات لە ماوەی 2 ساڵی داهاتوودا ژمارەی بانکەکان کەمببێتەوە لە بەرامبەر بەهێزبوونی توانای داراییان و گەشەکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بانکە نێودەوڵەتییەکاندا.