ئەو بازرگانە کوردەی عێراق لەتەواوی جیهاندا بەدوای دەگەڕێت.. حەسەن کوردی کێیە؟

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3670 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ئاشکرابونی دۆسیەی عەدنان جومەیلی و دەستگیرکردنی خۆی و چەندین پەرلەمانتار و بەرپرسی دیکەی حکومی، ناوێکی نوێ هاتوەتە بەرباس و حکومەتی عێراق دەیەوێت بەهەر نرخێک بێت و لەهەر شوێنێکی ئەم جیهانە بێت، دەستگیری بکات و بیگەڕێنێتەوە بۆ عێراق، ئەویش حەسەن کوردییە، کە بازرگانێکی کوردی پارێزگای سەڵاحەدینە.


مستەفا سەنەد، وەزیزی پەیوەندییەکانی عێراق لەلێدوانێکدا بۆ کەناڵی "العربیة" ئەو زانیارییانەی پشتڕاستکردوەتەوەو ئاماژەی بەوەکردوە،" بازرگانێکی داواکراو بە دۆسیەی گەندەڵی، بە نیو ملیار دۆلارەوە بەرەو وڵاتی فەرەنسا هەڵاتوە ".

کەناڵی "العربیة" سەرچاوەیەکییەوە بڵاویکردوەتەوە،" حەسەن کوردی جگە لەخۆی، برایەکی دیکەشی بەناوی محەمەد کوردی بازرگانە و لەکاتی دەستگیرکردنی عەدنان جومەیلی لە دەرەوەی عێراق بون ".

بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، حەسەن کوردی نێوەندگیر و بەڕێوەبەری دۆسیە داراییە هەستیارەکانی پەیوەست بە گرێبەستەکانی تایبەت بە وزە بوەو لەپشتی پەردەوە دەستێکی باڵای هەبوە، تەنانەت کۆمەڵێک تۆڕی پارەدارکردنی سیاسی و ئابوری بەڕێوەبردوە.

هەر بەپێی ئەو زانیارییانە، دەسەڵاتی دادوەری عێراق فەرمانێکی دەستگیرکردنی ئەو دوو بازرگانەی بە پۆلیسی ئینتەرپۆڵ داوە، بۆ ئەوەی لەهەرشوێنێک ببینرێت دەستگیربکرێت.