شارپرێس:
جیهانی تۆپی پێ بەدەست مشتومڕێکی گەورەوە دەناڵێنێت لەسۆنگەی کێشە یەک لەدوای یەکەکانی ناوبژیوانی لەپاڵەوانێتی جامی جیهانی 2026دا، پێدەچێت بابەتەکە تەنها لەسەر دۆسیەی هێرشبەری ئەمریکی فۆلارین بالۆگۆن نەوەستێت، چونکە ڕاپۆرتە نوێیەکان ئاشکرایانکردوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا داواکارییەکی پێشکەشی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ "فیفا" کردوە بۆ سڕینەوەی ئەو کارتە زەردەی کە مایکڵ ئۆلیس وەریگرتوە، پێش یارییە چاوەڕوانکراوەکەی لهگهڵ مەغریب لەقۆناغی چارەکی کۆتاییدا.
ئەم هەنگاوەی فەرەنسا چەند کاتژمێرێک دوای ئەو زریانە هات کە بەهۆی بڕیارەکەی "فیفا"وە دروستبوو بۆ هەڵپەساردنی سزادانی ئۆتۆماتیکی هێرشبەر بالۆگۆنو ڕێگەدان بەبەشداریکردنی لەبەردەم بەلژیکا، کە لەئەنجامدا بەلژیکا لەهەڵبژاردەی ئەمریکای بردەوەو لەپاڵەوانێتییەکە دەریکرد.
ئەم بڕیارە ڕوبەڕوی ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی فیدراسیۆنی بەلژیکاو فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا "یوفا" بوەوە، لەنێوان ترسو دڵەڕاوکێ لەکردنەوەی دەرگا بۆ تانەدان لەسزاکانی دیسپلین لەماوەی پاڵەوانێتییەکەدا، ڕادیۆی "مۆنتی کارلۆ"ى فهرهنسى بڵاویكردوهتهوه، فیدراسیۆنی فەرەنسا دۆسیەیەکی فەرمی ناردوە بۆ "فیفا"و تێیدا داوای سڕینەوەی ئەو ئاگادارکردنەوەیە (کارتە زەردە) دەکات کە ئۆلیسێ لەکاتی سەرکەوتنیان بەسەر پاراگوای بهگۆڵێكى بێبهرامبهر لەقۆناغی 16دا وەریگرتوە.
ڕاپۆرتەکانی دیكه ئاماژە بەوەدەکەن، تائێستا "فیفا" وەڵامی سکاڵاکەی نەداوەتەوە، بەڵام مەترسی دیكه سەریهەڵداوە سەبارەت بەئەگەری دەستوەردانی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا هاوشێوەی دۆناڵد ترەمپی هاوتای ئەمریکی کە لەڕێگەی قسەکردنی لەگەڵ جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی "فیفا" دەستوەردانی لەقەیرانی بالۆگۆندا کردبوو، ترەمپ دانی بەڕاستی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا نابوو و جەختیکردبوەوە، تەنها بڕواى بەئینفانتینۆ هێناوە بەڕاستی ڕوانگەکەی سەبارەت بەسڕینەوەی کارتی سوری یاریزانەکە، ئەمەش زریانێک لەڕەخنەی دژی سەرۆکی "فیفا" لێکەوتەوەو گەیشتە ڕادەی داواکردنی دورخستنەوەی لەپۆستەکەی.
دوای ئەوە، ئینفانتینۆ بەیاننامەیەکی دەرکردو تێیدا هەوڵیدا بەرگریی لەخۆی بکات ڕایگەیاند، ئەو بەردەوام پەیوەندیی تەلەفۆنی لەسەرۆکی وڵاتانی جیهانەوە پێدەگاتو ئەم بابەتە بۆ ئەو نوێ نییە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ڕەنگە ماکرۆن هەوڵبدات هەمان ئەو ڕێچکەیەی ترەمپ بگرێتەبەر بۆ ڕزگارکردنی ئۆلیس پێش ڕوبەڕوبونەوەی مەغریب، بۆ ئەوەی لەئەگەری وەرگرتنی کارتێکی زەردی نوێو سەرکوتنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، مەترسی بێبەشبونی لەیاری پێش کۆتایی لەسەر نەبێت.
لهبهر ئەمەش، فیدراسیۆنی فەرەنسا هەوڵدەدات ئاگادارکردنەوەی ئێستا بسڕێتەوە، بۆ ئەوەی یاریزانەکە بەبێ مەترسی ڕاگرتن لەیاری داهاتوو لەئەنجامی سەرکەوتنی "کەڵەشێرەکان" بچێتە ناو یارییەکەوە.
جوڵەی فەرەنسا لەکاتێکدا دێت کە دۆسیەی بالۆگۆن هێشتا بەسەر دیمەنەکەدا زاڵە، دوای ئەوەی لیژنەی دیسپلینی "فیفا" بڕیاریدا جێبەجێکردنی ڕاگرتنی ئۆتۆماتیکی پەکبخات کە بەهۆی کارتی سورەوە بوو کە هێرشبەری ئهمریكى لەبەردەم بۆسنەو هەرسک وەریگرتبوو، سەرەڕای ماڵئاواییکردنی هەڵبژاردەی ئەمریکا لەپاڵەوانێتییەکە.
ئەم بڕیارە کاردانەوەو توڕەییهكى زۆرى لێکەوتەوە، چونکە فیدراسیۆنی بەلژیکا دوو بەیاننامەی یەک لەدوای یەکی دەرکردو تێیدا جەختیکردەوە، بڕیارەکە دژبەیەکە لەگەڵ پەیڕەوی ناوخۆی "فیفا"و یاساکانی جامی جیهانی، لەکاتێکدا "یوفا" ئەوەی ڕویداوە بەوە وەسفکرد، زیان بەدەستپاکی کێبڕکێکان دەگەیەنێتو پێشینەیەکی مەترسیدار پێکدەهێنێت.
