عەممار حەکیم داوای بەئاشكرا دادگایكردنی گەندەڵكاران دەكات

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 125 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆکی هاوپەیمانی هێزی دەوڵەتی نیشتمانی داوای دادگاییکردنی ئاشکرای گەورە بەرپرسان دەکات، لەكاتێكدا ئەمڕۆ دەستگیرکردنی کاندیدێکی هاوپەیمانێتییەکەیەتی بەتۆمەتی گەندەڵی ڕاگەیاندرا.


عەممار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانی هێزی دەوڵەتی نیشتمانی ڕایگەیاند، چاوپۆشی و لێخۆشبون لەگەندەڵکاران ناکرێت، داواش دەکات دادگاییکردنی گەورە گەندەڵکاران بەئاشکرا بێت.

عەممار حەکیم لەبارەی دەستدرێژیکردنە سەر سامانی گشتییەوە لەپۆستێکدا لەتۆڕی ئێکس نوسیویەتی،" چاوپۆشی و لێخۆشبون نییە لەگەڵ هەر کەسێکدا کە تۆمەتباربوونی بەدەستدرێژیکردنە سەر سامانی گشتی پشتڕاست دەکرێتەوە".

حەکیم لەبارەی ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و لێپێچینەوەوە، پاڵپشتی بۆ دادگاو حکومەت پیشانداوە بۆ بەدواداچون لەگەندەڵکاران و لێپێچینەوە لێیان".
دەشڵێت گرنگ نییە چ هەر پۆستێکیان هەبێت یاخود سەر بەهەر لایەنێک بن.


بەوتەی سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزی دەوڵەتی نیشتمانی، لایەنی سیاسی و پێگە و پۆست نابێتە هۆکار بۆ دەربازبون لەلێپێچینەوە.


ئەمە لەکاتێکدایە، حسێن تاڵب، بەڕێوەبەری دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لەوەزارەتی نەوتی عێراق، بڕیار بوو ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستەکەی عەممار حەکیم سوێندی یاسایی بخوات و ببێتە پەرلەمانتار، بەتۆمەتی گەندەڵی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.