جەهەپە لەبارەی بونی گەریلای پەكەكە لەناو توركیا بەتوندی هاتەدەنگ

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 330 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەرلەمانتاری پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ڕایدەگەیەنێت،" زانیاریی پشتڕاستکراوە هەیە هیچ گەریلایەکی پەکەکە لەناو خاکی تورکیادا نییەو دەڵێت،"پێویست ناکات پاساو بۆ پرسی یاسای چوارچێوەو چەکدانان بهێنرێتەوە". 

سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتارە کوردەکەی جەهەپە لەكۆنگرەیەیك ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،"ئایا هیچ زانیارییەک هەیە لەبارەی بونی ئەندامی رێکخراوی چەکداری لەناو سنورە وشکانییەکانی تورکیادا؟ نەخێر، بەپێچەوانەوە، زانیاریی پشتڕاستکراوە هەیە ئەندامی رێکخراوی چەکداران لەناو سنورە وشکانییەکانی تورکیادا نیین". 

تانریکوڵو، باسی لەوە کرد کۆتاییهاتنی دۆخی شەڕ لەناوچەکەدا واتادارەو وتی، لەساڵانی 2025 و 2026ـدا هیچ ڕوداوێکی گیانلەدەستدان و پێکدادان ڕوینەداوە. 

باسی لەوەشکرد، "یەک تەرمیش بۆ هیچ شوێنێکی تورکیا نەچوەو نەهاتوەتەوە ئامەدیش. بەهاو مانای ئەمە زۆر گەورەیە. ئێمە کە 40 ساڵی ڕابردومان لێرە بەسەربردوەو ڕەگ و ڕیشەی ئەم بابەتە دەزانین، دەمانەوێت جارێکی دیکە لێرەوە دەریببڕین کە ئەمە چ پرۆسەیەکی بەنرخە، رێکەوتە ئەمڕۆ 11ـی تەمموزە و ساڵی ڕابردوو لە 11ـی تەمموزدا رێوڕەسمێکی زۆر مانادارو مێژویی بەڕێوەچوو. 
هاوكات، زیاتر ڕونیدەكاتەوەو دەڵێت، پەیامێک درایە هەموو جیهان و تورکیا، لە 11ـی تەمموزدا لەسلێمانی چەکەکانی نەشاردرانەوە، نەنێژران، بەڵکو سوتێندران. ئەمە بژاردەیەکی زۆر گرنگ بوو".

بەبڕوای تانریکوڵو، لەمساڵەدا پێشهاتی گرنگ ڕویانداوە، هەر لەدامەزراندنی لیژنەیەکی تایبەت بۆ پرۆسەی چارەسەری لەپەرلەمانی تورکیاو بەشداریکردنی لایەنە سیاسییەکان و واژۆکردنیان بۆ ڕاپۆرتە هاوبەشەکەی کە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەرزکرایەوە. 

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەکرد، "ئەزمونێکی گرنگ خرایەناو ئەدەبیاتی جیهان و لەمانگی شوباتدا ڕاپۆرتێک بەکۆی دەنگ پێشکێشی تورکیا کرا. بەشەکانی شەشەم و حەوتەمی ڕاپۆرتەکە پەیوەندییان بەچەکدانان، کۆتاییهێنان بەپێکدادان، یاسای چوارچێوە، بەدیموکراسیبوون لەتورکیا، سەروەریی یاساو مافەکانی مرۆڤەوە هەبوو، پارتە سیاسییەکان واژۆیان لەسەر کردو خۆیان پێیەوە پابەند کرد، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا هیچ پێشکەوتنێک لەم بوارانەدا بەدینەکراوە".

تانریکوڵو داوای کرد پارتە سیاسییەکان لەبارەی یاسای چارەسەری ئاگادار بکرێنەوە و گوتی، "لەم جوگرافیایەی کە 40 ساڵە بە تاڵترین شێوە ئازاری شەڕی چەشتووە، لە ئامەدەوە بانگ لە ئەنقەرە دەکەین؛ ڕاستگۆ بن، بەدوای پاساودا مەگەڕێن. تورکیا پێویستی بە بەدیموکراسیبونی تەواو، سەروەریی یاسا، سەربەخۆیی دادوەری، ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و بەشداریی سیاسیی تەواوە. ئەگەر ئەمە دابین بکرێت، ئاشتیی هەمیشەیی لە ورکیا بەرقەرار دەبێت. پێویست ناکات پاساو بۆ پرسی یاسای چوارچێوەو چەکدانان بهێننەوە".