بانكی ناوەندی لەبارەی دۆلاری حەواڵەوە ڕێنمایی نوێی دەركرد

ئابوری

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1545 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بانکی ناوەندیی عێراق چەند ڕێنماییەكی نوێ، سەبارەت بەحەواڵە و کردنەوەی هەژمار بە دۆلاری ئەمریکی ئاڕاستەی بانکەکان كردو ڕایگەیاند، دەبێت لەناوەڕاستی ئەم مانگەوە جێبەجێ بکرێت.


بەگوێرەی نوسراوێکی فەرمی بانکی ناوەندی عێراق کە واژۆی نزار ناسر حوسێن، پارێزگاری بانکی ناوەندی بەوەکالەتی لەسەرە، لەناوەڕاستی ئەم مانگەوە، ڕێگە بەبانکەکان دەدرێت هەموو ئەو حەواڵانەی لەدەرەوەی وڵاتەوە دێن، بەشێوەی کاش و بەدۆلار بدەنەوە بەکڕیارەکانیان.

لەنوسراوەكەدا ئەوەش هاتوە، بانکی ناوەندی سەرجەم بانکەکانی سەرپشک کردوە لەکردنەوەی هەژمار بۆ هاوڵاتیان بەدراوی بیانیی و هەموو ئەو بەربەستانەی لابرد پێشتر بۆ ئەم مەبەستە داینابوو، هاوکات ئەو هاوبەشانەشی پارەی نەختینەییان بەدۆلار لەبانکەکان داناوە مافی ئەوەیان دەبێت سودەکەی (قازانجەکەی) بەهەمان ئەو دراوە ڕابکێشنەوە کە لەهەژمارەکانیاندا دایانناوە.

ئەم بڕیارانەی بانکی ناوەندی، دوای هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی پێشوی ژمارە (8587)ـی ساڵی 2023 دێت و بڕیارە ئەم ڕێنماییە نوێیانە لەسبەی پێنجشەممە، 15ی تەمموزی 2026ـەوە بەفەرمی لەسەرجەم بانکەکاندا جێبەجێ بکرێت.