شارپرێس:
وتەبێژی سوپای ئێران، ڕایدەگەیەنێت، کە هێزە چەکدارەکانیان بەهیچ شێوەیەک لەپرسی گەروی هورمزدا پاشەکشە ناکەن و دەشڵێت، تاقە رێگە بۆ دوبارە کردنەوەی گەروەکە، رێزگرتنە لە مافەکانی نەتەوەی ئێران و ملکەچبونی واشنتۆنە بۆ ناوەڕۆکی لێکتێگەیشتنەكان.
ئەکرەمی نیا ئاماژەی بەوەکرد، "گەروی هورمز بەجەنگ، جوڵە شەڕانگێزییەکان و دەستدرێژییەکانی ئەمریکا ناکرێتەوە"، ڕاشیگەیاند کە تاقە رێگە بۆ دوبارە کردنەوەی گەروەکە، رێزگرتنە لە مافەکانی نەتەوەی ئێران و ملکەچبونی واشنتۆنە بۆ ناوەڕۆکی لێکتێگەیشتنی کۆتایی جەنگ لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
وتەبێژی سوپای ئێران، ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی کە لەکاتێکدا رێککارە ئێرانییەکانیان لەسەر گەروی هورمز قبوڵ کردبوو، بەڵام بەفێڵبازی بەدوای دروستکردنی ڕێڕەوێکی نوێدا دەگەڕان، وتیشی: "هێزە چەکدارەکانمان بە قەدەر سەرە دەرزییەک لەپرسی گەروی هورمز کورت نایەنن".
وتەبێژی سوپای ئێران جەختی لەوەکردەوە کە ئەوان پابەندن بەتۆڵەکردنەوەی خوێنی شەهیدەکانیان، بەتایبەتی رێبەری باڵای کۆچکردوی وڵاتەکەیان عەلی خامنەیی.
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە کە جەنگەكە گەیشتوەتە ئاستێکی بەرزو تاران جەخت لە پاراستنی سەروەریی خۆی لەگەروی ستراتیژیی هورمز دەکاتەوەو ئەمریكاش دەڵێت، دەستبەرداری گەروی هورمز نابین.
