شارپرێس:
سەرکەوتنی ئەم دواییەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەسەر ئینگلتەرا و گەیشتنیان بە یاری کۆتایی مۆندیالی 2026، پەیوەندییەکی مێژوویی قووڵی زیندوو کردەوە کە یادەوەرییەکانی مۆندیالی 1986ی مەکسیک دەهێنێتەوە یاد.
ئەم سەرکەوتنە تەنیا بردنەوەیەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو گوزارشت بوو لە بەردەوامیی ئەو عەشق و خولیایەی کە نەوەکانی ئەرجەنتین بۆ درێسی ژمارە 10ی ئەفسانەیی هەیانە.
دوای ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی ئەرجەنتین لە یاریگای ئاتلانتا، لیۆنێل مێسی بە ئاهەنگگێڕانێک سەرنجی هەمووانی ڕاکێشا کە هاوشێوەی ئاهەنگە مێژووییەکەی دیێگۆ مارادۆنا بوو لە بەرامبەر ئینگلتەرا.
لە کاتێکدا مارادۆنا لە ساڵی 1986 لەناو ژووری گۆڕینی جلوبەرگدا ئاهەنگی گێڕا، مێسی بڕیاری دا لەناو یاریگادا و لەبەردەم هەزاران هاندەر پەیامەکەی بگەیەنێت، بە ئاماژەکردن بۆ هاوڕێکانی دووپاتی کردەوە کە ئەم سەرکەوتنە بەرهەمی کارێکی بەکۆمەڵ بووە نەک تاکەکەسی.
یارییەکە بۆ ئەرجەنتینییەکان ئاسان نەبوو، بەتایبەت لە گێمی یەکەمدا کە مێسی لەژێر چاودێرییەکی توندی یاریزانانی ئینگلتەرا بوو، بەڵام مێسی بە بلیمەتیی خۆی توانی دوو ئەسیستی یەکلاکەرەوە بۆ ئینزۆ فێرناندێز و لاوتارۆ مارتینێز بکات، کە بووە هۆی گۆڕینی ئەنجامی یارییەکە و تێکشکاندنی بەرگرییەکانی ئینگلتەرا.
ئەم ئاستە بەرزەی مێسی، وتەیەکی کۆنی مارادۆنای بیرهێنایەوە کە دەڵێت: "ئێمە هەمیشە بە شێوازی خۆمان یاری دەکەین و کۆنترۆڵی یارییەکە دەکەین، تەنها لەبەر ئەوەی بەرامبەر ئینگلتەرا یاریی دەکەین شێوازی خۆمان ناگۆڕین."
مێسی لە تەمەنی 39 ساڵیدا، ئێستا خۆی بۆ سێیەمین یاریی کۆتایی مۆندیال لە کاروانی وەرزشییدا ئامادە دەکات، دوای ئەوەی لە 2014 پلەی دووەمی بەدەستهێنا و لە 2022 نازناوەکەی بەرزکردەوە.
ئێستا ئەرجەنتین چاوەڕێی ڕۆژی یەکشەممە دەکات بۆ ئەنجامدانی یاریی کۆتایی بەرامبەر ئیسپانیا لە نیوجێرزی، هەروەک بەبێ گوێدانە ئەنجامی یارییەکە، ئەرجەنتین جارێکی تر سەلماندی کە هێزی ڕاستەقینەی لەو عەشقە دێرینەدایە کە مارادۆنا و مێسی بەیەکەوە دەبەستێتەوە؛ عەشقێک کە لە خەونی منداڵێکی بچووکەوە دەست پێدەکات کە بەدوای تۆپێکدا ڕادەکات و هیوای پۆشینی درێسی ژمارە 10ی هەیە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
