دوای نەشتەرگەری جوانکاریی؛ ڤینیسیۆس جۆنیۆر بوەتە کۆپی کام هونەرمەندی جیهانیی؟

وەرزش

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1266 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڤینیسیۆس جۆنیۆر ئەستێرەی بەڕازیلی‌و یانەی ڕیال مەدریدی ئیسپانی، دوای دەرکەوتنی بەشێوازو ڕوخسارێکی نوێوە کە گۆڕانکارییەکی زۆری لەڕوخسارە ناسراوەکەیدا دروستکردوە، دەنگدانەوەو کاردانەوەیەکی یەکجار زۆری لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدوای خۆیداهێناوە.


ئەم گۆڕانکارییە کتوپڕە سەرنجی هاندەرانی یاریزانه‌كه‌ى بەتەواوی ڕاکێشاوە؛ بەجۆرێک بەشێکی زۆری بەکارهێنەران‌و فۆڵۆوەران پێیانوایە، شێوازی نوێی ڤینیسیۆس زۆر لەئەستێرەیەکی ناوداری هونەری ئەمریکی نزیکبوەتەوە، تەنانەت هەندێک گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی کە ڤینیسیۆس بوەتە کۆپییەکی ڕاستەقینەی ئەو هونەرمەندە.

بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەکانی ڤینیسیۆس‌و گۆرانیبێژی بەناوبانگی ئەمریکی "جەیسۆن دێروڵۆ"یان لەپاڵ یەکدا داناوەو بەهۆی هاوشێوەییە زۆرەکەی نێوانیان لەم دەرکەوتنە نوێیەدا، پرسیاری ئەوە دەکەن ئایا ئەمە تەنها ڕێککەوتێکە یان یاریزانەکە بیرۆکەی شێوازی نوێی ڕوخساری لەو هونەرمەندە بەناوبانگەوە وەرگرتوە.

جەیسۆن دێروڵۆ، گۆرانیبێژ، تێکستنوس، سەمایه‌دارو ئەکتەرێکی ئەمریکییە، لە 21ی ئەیلولی 1989 لەشاری میرامار لەویلایەتی فلۆریدا لەخێزانێکی بەڕەچەڵەک هایتی لەدایکبوە. ئەو لەتەمەنێکی زۆر بچوکەوە خولیای میوزیك بوە، بەجۆرێک یەکەم گۆرانی خۆی لەتەمەنی هەشت ساڵیدا نوسیوە، پێشئەوەی بچێتە بواری خوێندنی هونەری شانۆو سەماو بەو شێوەیە پەرە بەبەهرەکانی بدات کە دواتر ڕێگه‌یان بۆ خۆشکرد بەرەو جیهانی ناوداریی.

دێروڵۆ پێشئەوەی وەک گۆرانیبێژێکی سەرەکی دەربکەوێت، سەرەتای کارەکانی لەپشت پەردەوە وەک تێکستنوس دەستپێکردو بەشداریی لەنوسینی چەندین بەرهەمدا کرد بۆ هونەرمەندانی وەک (لیل واین‌و دیدی)، پێشئەوەی خۆی بەفەرمی وەک گۆرانیبێژێکی پرۆفیشناڵ بناسێنێت.

سەرەتای ناوبانگبونی ڕاستەقینەی ئەو بۆ ساڵی 2009 دەگەڕێتەوە کاتێک گۆرانییە بەناوبانگەکەی بەناوی "Whatcha Say" بڵاوکردەوەو توانیی پلەی یەکەم لەلیستی "Billboard Hot 100"ی ئەمریکیدا بەدەستبهێنێت‌و لەوکاتەوە بوو بەیەکێک لەدیارترین ناوەکانی میوزیكى پۆپ‌و R&B.

سەرکەوتنەکانی دێروڵۆ تەنها لەبواری گۆرانی وتندا قەتیس نەبوە، بەڵکو بەهۆی لێهاتویی زۆری لەسەمای سەرنجڕاکێش‌و پێشکەشکردنی نمایشە گەورەکاندا ناسراوە، هەروەها لەساڵی 2019دا لەڕێگەی بەشداریکردنی لەفیلمی "Cats"دا ئەزمونی ئەکتەریشی تاقیکردەوە.

لەچەند ساڵی ڕابردودا، دێروڵۆ لەڕێگەی تیک تۆک‌و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی سەماو ناوەڕۆکی کاتبەسەربردن، پێگەی جیهانی خۆی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زیاتر بەهێزکرد، بەجۆرێک ئێستا یەکێکە لەو هونەرمەندانەی خاوەنی زۆرترین فۆڵۆوەرە لەسەر پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکاندا، ئەم هونەرمەندە لەماوەی کاروانە هونەرییەکەیدا ملیۆنان دانە لەبەرهەمەکانی فرۆشتوەو چەندین خەڵاتی پلاتینیۆمی بەدەستهێناوە.