شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەرکۆنەی هێرشەكەی سەر حەشدی شەعبی دەكات و دەڵێت، ئەمریکاو ئیسرائیل هەوڵی فراوانكردنی جەنگەكە دەدەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، ئەم هێرشە دەستدرێژکارانەیەی ئەمریکاو سعودیە، چەندین ناوچەی جیاوازی عێراقی گرتوەتەوەو تێیدا دامەزراوەو موڵک و ماڵی سەر بەلایەنە فەرمییەکان کراونەتە ئامانج.
وەزارەتەكە ئاشکراشیکرد کە هێرشەکان کاروان و وێستگەکانی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حسێنیان گرتوەتەوە، ئەمەش وەک کارێکی "تاوانکاری و دژە مرۆڤیی" وەسف کراوە.
لەدرێژەی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتوە، کە ئەم هێرشانە دەستدرێژییەکی ئاشکران بۆ سەر سەروەریی نیشتمانی و سەلامەتیی خاکی عێراق، هەروەها پێشێلکردنی بڕگەی 4 لەماددەی 2ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتوەکان و یاسا بنەڕەتییە نێودەوڵەتییەکانە.
جەختیش كراوەتەوە، كە ئێران پێی وایە ئەم جوڵانە لەچوارچێوەی "تەماحکارییەکانی ئەمریکا و قەوارەی زایۆنی" دێن بۆ فراوانکردنی بازنەی جەنگ و ململانێ لەناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیادا.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران پشتیوانی و هاوسۆزیی تەواوی خۆی بۆ حکومەت و گەلی عێراق دوپات کردەوەو ڕاشیگەیاندوە، تاران بەڕاشکاوی حکومەتی ئەمریکاو هاوبەشەکانی لەناوچەکەدا بەبەرپرسیار دەزانێت لەلێکەوتە مەترسیدارەکانی ئەم کارە هاندەرانەو ئەم هێرشانە وەك فراوانكردنی جەنگەكە هەژمار دەكرێن.
