شارپرێس:
تۆیژینەوەیەکی نوێی ئوسترالی کە لەلایەن پەیمانگەی توێژینەوەی تەندرووستیی و خۆراک لە زانکۆی ئێدیس کاوان ئەنجامدراوە و شیکاریی بۆ بەدواداچوونیی خۆراکیی زیاتر لە 600 کەسی پێگەیشتوو کردووە، ئاماژە بەوە دەکات کە پێداویستییە خۆراکییەکانی ژنان بۆ پاراستنی تەندرووستیی دڵ جیاوازە لە پیاوان.
ئەنجامەکان دەریانخستووە کە نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکانی دڵ، وەک بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، کۆڵسترۆڵ و شەکرە، لەو پیاوانەدا کەمتر دەردەکەون کە ڕێژەیەکی باش لە لۆبیا، باقلا و نیسک دەخۆن.
لە بەرامبەردا، ژنان سوودێکی زۆر زیاتر لە خواردنی سەوزەواتە خاچیییەکان دەبینن، وەک برۆکۆلی و کەلەرم، بەجۆرێک خواردنی بەردەوامیان ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرەی جۆری دووەم بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە.
دکتۆر تێریزا ئۆسۆلیڤان لە پەیمانگەی توێژینەوەی خۆراک و تەندرووستیی ڕوونیکردۆتەوە کە جەستەی پیاوان و ژنان بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ ڕەگەزە خۆراکییەکانی ناو سەوزەواتەکان دەکات.
هۆکاری ئەم جیاوازییەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەندێک لە ماددە خۆراکییەکانی ناو سەوزەواتەکان کاتێک دەگەنە جەستەی پیاوان، کاریگەرییەکی بەرچاو دەکەنە سەر هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن، لە کاتێکدا پێکهاتە خۆراکییەکانی ناو سەوزەواتە خاچیییەکان کاریگەرییەکی بەهێزتریان لەسەر ڕێکخستنی هۆرمۆنە مێینەکانی وەک ئیستڕۆجین و پرۆجێسترۆن لە جەستەی ژناندا هەیە.
بەپێی وتەی توێژەران، ئەگەرچی پێویستە توێژینەوەی زیاتر بۆ پشتڕاستکردنەوەی تەواوەتی ئەم ڕاستییانە ئەنجام بدرێت، بەڵام هاوكات جەختیان لە گرنگیی بەردەوامی تێکەڵکردنی جۆرە جیاوازەکانی سەوزەوات لە ژەمە خۆراکییەکانی ڕۆژانەدا کردووەتەوە.