ئێران بەفەرمی پێشنیازەکانی عوممانی لەبارەی گەروی هورمز ڕەتکردەوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 226 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمرۆ چوارشەممە بە شێوەیەکی فەرمیی پێشنیازێکی سوڵتاننشینی عوممانی بۆ بەڕێوەبردنی هاوبەشی گەرووی هورمز ڕەتکردەوە و رایگەیاند کە دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێکی هاوبەش تووشی بنبەست بوون.

 
بەرپرسێکی باڵای ئێران لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ڕوویته‌رز ڕایگەیاند، تەنیا تاران و مەسقەت دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە سەرپەرشتیی ڕێکخستنەکانی گەرووەکە بکەن بەپێی پشکی جوگرافیی خۆیان. 

هەروەک ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئێران هەر جۆرە دەستوەردانێکی دەرەکیی ڕەت دەکاتەوە و دابەشکردنی بەڕێوەبردنی گەرووەکە بە ڕێژەی 50-50 بە زیانبەخش بۆ ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت. لە بەرامبەردا، دەسەڵاتدارانی ئێران سوورن لەسەر ئەوەی تەواوی ڕێڕەوەکانی چوونه‌ژوورەوە و بەشێک لە ڕێڕەوی چوونەدەرەوەی گەرووەکە بخرێنە ژێر کۆنترۆڵی تەواوی تاران. 

هەروەک ئێرانییەکان، ئەمریکا و عەرەبستانی سعودی تۆمەتبار دەکەن بەوەی گوشار دەخەنە سەر عوممان بۆ سەپاندنی نەخشەی نەگونجاو، لە کاتێکدا گەشەپێدانی ڕێڕەوە باشوورییەکان مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی کەشتیوانیی درووست دەکات.

ئەم پاشەکشەیەی تاران لە کاتێکدا دێت کە پێشتر ئاماژەی ئەرێنی بۆ هێورکردنەوەی گرژییە دەریاییەکان هەبوون؛ بڵاوبوونەوەی زانیارییەکان لەسەر هەوڵی دیپلۆماسی بۆ دۆزینەوەی "ڕێگەی ناوەند" لە نێوان ئاوەکانی ئێران و عومماندا هیوای بۆ ڕێککەوتن دروست کردبوو.

 بەڵام داواکاریی تاران بۆ دەسەڵاتی ڕەها و سەپاندنی باجی گومرکی بەسەر کەشتییە تێپەڕبووەکاندا، ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیی توندی واشنتۆن بۆوە و هەوڵەکانی بۆ هەڵگرتنی ئاستەنگەکان ڕاگرت.