شارپرێس:
سەرچاوە دیپلۆماسییە ڕۆژئاواییەکان ئاشکرایان کردووە کە هەڵسەنگاندنەکانی سەرکردەکانی سوپای ئەمریکا، بە سەرۆکایەتی ژەنەڕاڵ دان کین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپا، ئاماژە بەوە دەکەن کە تەواوکردنی گەمارۆی کەناراوەکانی ئێران و فراوانکردنی بانکی ئامانجە سەربازییەکان، دەستکەوتی مەیدانی و سیاسی گەورەتر بەدەست دەهێنن.
ئەم هەنگاوە وا دەکات ئێران لە پێگەیەکی لاوازترەوە دەست بە دانوستان بکات، بەتایبەتی لەو دۆسیانەی پەیوەندییان بە ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز هەیە.
ئەم سەرچاوانە بۆ ماڵپەڕی "ئیرەم نیوز" ڕایانگەیاندووە کە ئەم هەڵسەنگاندنە پێی وایە لاوازکردنی تواناکانی ئێران پێگەی واشنتۆن لەسەر مێزی دانوستان بەهێزتر دەکات و توانای تاران بۆ بەکارهێنانی گەرووی هورمز وەک کارتی فشار کەمدەکاتەوە.
هەروەها ڕاپۆرتەکانی هەڵسەنگاندنی دۆخەکە کە پێشکەش بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کراون، نیشانی دەدەن کە لە ناو دامەزراوە سەربازییەکاندا پشتیوانی لە سیاسەتی "سەبر و ئارامی" دەکرێت لە پەنابردن بۆ هەر ئۆپەراسیۆنێکی دابەزینی وشکانی، لە کاتێکدا ئامادەکاریی و پلاندانان بۆ ئەو بژاردەیە بەردەوام دەبێت ئەگەر پێشهاتەکان پێویستی بکەن، بەڵام بڕیاری کۆتایی لای سەرۆک دەبێت.
بەپێی سەرچاوەکان، دیدگای سەربازیی ئەمریکا لەسەر بنەمای بەردەوامبوونی فشارەکانە لە ڕێگەی بەئامانجگرتنی پێگەکانی سوپای پاسداران لە کەناراوەکانی ئێران و هێڵەکانی پشتەوەیان، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی چالاکییەکانیان لە دەوروبەری گەرووی هورمز و لاوازکردنی توانایان بۆ هەڕەشەکردن لە هاتوچۆی نێودەوڵەتی.
هەروەها ئەم ستراتیژییە ئامانجی توندکردنی گەمارۆی سەر سەرچاوە ئابوورییەکانی پەیوەست بە سوپای پاسدارانە، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە هەناردەکردنی نەوتەوە هەیە، بۆ ئەوەی تێچووی بەردەوامبوونی ڕووبەڕووبوونەوە بۆ تاران زیاد بکات.
دیپلۆماتکارێکی نزیک لە کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کردووە کە نوێترین ڕاپۆرتەکانی هەڵسەنگاندنی دۆخەکە، کە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی فەرماندەکانی هێزی دەریایی، ئاسمانیی و ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان ئامادە کراون، پێشنیاری بەردەوامبوونی گەمارۆی دەریایی دەکەن و دەڵێن دەستپێکردنەوەی هێرشەکان کارتی فشاری زیاتر دەداتە دەست ئەمریکا لە هەر دانوستانێکی داهاتوودا.
ئەم سەرچاوەیە وتیشی کە زۆربەی هەڵسەنگاندنەکان مەیلیان بەرەو فراوانکردنی مەودای هێرشەکان بۆ سەر پێگەکانی سوپای پاسداران هەیە، لەوانە بنکە کەناراوەییەکان و ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، لەبری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی وشکانی لە قۆناغی ئێستادا.
