به‌بڕیارى موجته‌با خامنه‌یى وه‌حیدى دۆسیه‌ى ئه‌مریكا وه‌رده‌گرێت

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 24064 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

میدیای ئیسرائیلی ئاشکرایدەکات، گۆڕانکاریی لەشێوازی بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا کراوەو موجتەبا خامنەیی بڕیاردانی لەسەر دۆسیەی ئەمریکا بەئەحمەد وەحیدی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران سپاردوە، ئەمەش لەکاتێکدایە دانوستانە ڕاستەوخۆکان بەتەواوی ڕاگیراون‌و ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ته‌نها له‌ڕێگه‌ى ناوبژیوانه‌كانه‌وه‌ ده‌گوزه‌رێت.

 

کەناڵی 14ی ئیسرائیلی لەڕاپۆرتێکی هەواڵگریدا ئاشکرایکردوە، گۆڕانکاریی سەرەکی لەستراتیژیەتی سیاسیی‌و بڕیاردانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ڕویداوە، بەتایبەت لەدۆسیەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا.

به‌گوێره‌ى زانیارییەکانی ئەو کەناڵە ئیسرائیلیە، ڕێبازو دیدگا توندو سەختەکەی ئەحمەد وەحیدی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران، بوەتە بنەمای سیاسەتی فەرمیی دەوڵەت، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ موجتەبا خامنەیی بەفەرمی، دەسەڵاتی تەواوی بڕیاردانی لەسەر دۆسیەی ئەمریکا واژۆکردوەو ڕادەستی ئەحمەد وەحیدی کردوە بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رپه‌رشتى بكات.

زانیارییه‌كان ئاماژە بەوەدەکه‌ن، لەئێستادا هیچ جۆرە دانوستانێکی فەرمی‌و ڕاستەوخۆ لەنێوان تاران‌و واشنتۆندا بەڕێوەناچێت، به‌ڵكو سەرجەم پەیوەندیی‌و بروسکەکان تەنها لەڕێگەی ئاڵوگۆڕی نامەی ناڕاستەوخۆو لەڕێگەی وڵاتانی ناوبژیوانەوە ئەنجامدەدرێن، ئەمەش نیشانەی قوڵبونەوەی ناڕونی‌و گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە لەناوچەکەدا.

ئەحمەد وەحیدی فەرماندەی گشتیی ئێستای سوپای پاسداران‌و یەکەم فەرماندەی فەیلەقی قودسە کە کەسایەتییەکی سەربازیی‌و هەواڵگریی ئێجگار توندڕەوو پەیڕەوکەری ڕێبازی دژە ڕۆژئاوایە، دیدگای ئەو، بەرامبەر بەئەمریکاو ئیسرائیل تەواو دژبەرو هێرشبەرانەیە، بەشێوەیەک کە هەر جۆرە سازشێک یان کەمکردنەوەی هەژمونی ئێران بەسەر ڕێڕەوە دەریاییە ستراتیژییەکانی وەک گەروی هورمز بەڕەهایی ڕەتدەکاتەوە.