شارپرێس:
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئهمڕۆ شەممە، یەکەم سەردانی فەرمیی خۆی بۆ سبیا ئەنجامدا کە وەک یەکێک لەهاوپەیمانە دێرینو ستراتیژییەکانی ڕوسیا دەبینرێت، ئەم هەنگاوە دیپلۆماسییە لەکاتێکدایە، کیێڤ هەوڵدەدات بەرەی پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ وڵاتەکەی فراوان بکات لە بەرامبەر هەڵکشانی بۆردومانە خوێناوییەکانی مۆسکۆ.
پێش گەیشتنی زێلێنسکی بۆ بێلگراد، ڕوسیا بۆردومانێکی چڕی ئاراستەی شاری کیێڤو دەوروبەری کرد کە بوە هۆی کوژرانی سێ کەسو برینداربونی حهوتی دیکە، سەرۆکی ئۆکرانیا دوای گەیشتنی، لەگەڵ ئەلیکساندەر ڤوچیچ سەرۆک کۆماری سڕبیا کۆبوەوە تاوەکو باس لەبەهێزکردنی پەیوەندییە ئابورییەکان، هاوکارییەکانی یەکێتی ئەوروپاو پرسە ئەمنییەکان بکەن.
ڤوچیچ لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە گەشبینیی خۆی نیشانداو ڕایگەیاند، ئەم سەردانە دەبێتە هۆی گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەو بوارانەی کە جێگەی بایەخی هەردولان، یەکێک لەتەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکەش، هاوکارییە لەکەرتی وزەدا؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کە سڕبیا بۆ دابینکردنی سوتەمەنیی پشت بەڕوسیا دەبەستێتو تائێستاش ئامادەنەبوە بچێتە ناو لیستی ئەو وڵاتانەی کە سزایان بەسەر مۆسکۆدا سەپاندوە.
بەرپرسێکی باڵای ئۆکرانیا سەردانەكهى وەک "زەبرێک" بۆ مۆسکۆ وەسفکرد، چونکە کیێڤ دەیەوێت سڕبیا لەبەرەی ڕوسیا دوربخاتەوە، هەروەها باس لەدۆسیە ئەمنییە هەستیارەکان کرا، بەتایبەتی دوای ئەوەی پێشتر دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕوسیا، کۆمپانیا سڕبییەکانیان تۆمەتبارکردبوو بەوەی لەڕێگەی لایەنی سێیەمەوە چەکو تەقەمەنی بەئۆکرانیا دەفرۆشن، هەرچەندە بێلگراد ئەوەی ڕەتکردبوەوە.
ئۆکرانیا لەئێستادا بەدەست کەمیی چەکو تەقەمەنییەوە دەناڵێنێت، تەنها لەڕۆژی چوارشەممەی ڕابردودا بەهۆی نەبونی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، ڕوسیا توانیویەتی بەئاسانی زیانی گەورە بەکیێڤ بگەیەنێتو 17 کەس بکوژێت، زێلێنسکی-ش پێشتر داوای سیستەمی "پاتریۆت"ی لەدۆناڵد ترەمپ کردبوو، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا بەهۆی کەمبونهوهى کۆگاکانی وڵاتەکەی لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، داواکارییەکەی ڕەتکردبوەوە.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ ڕەزامەندیی لەسەر زنجیرەیەک سزای نوێ بۆ سەر مۆسکۆ دەربڕیی کە لەلایەن ئەنجومەنی پیرانەوە پەسەندکراون، ئەم یاسا نوێیە کەرتی وزەی ڕوسیا دەکاتە ئامانجو باجی 100% دەخاتەسەر ئەو پێنج وڵاتە سەرەکییەی کە نەوتو گازی ڕوسیا دەکڕن، لەوانە چینو هیندستان؛ ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ پەکخستنی تەواوەتیی ئابوریی جەنگی ڕوسیا دەبینرێت.
