سوپای ئەمریکا ئامارێکی نوێ له‌باره‌ى ئێرانه‌وه‌ ئاشكراده‌كات

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1543 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، لەدوای دەستپێکردنەوەی گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران لە 14ی تەمموزی ڕابردوەوە، ڕێڕەوی 51 کەشتیی بازرگانیی گۆڕدراوە.


فەرماندەییەکە لەپۆستێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ئاماژەی بەوەشکردوە، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا دوو کەشتییان پەکخستوەو چونەتەسەر پشتی دوو کەشتیی دیكه‌ش بۆ دڵنیابونەوە لەپابەندبونیان بەگەمارۆکەوە.

بەرلەوەش لەهەمان ڕۆژدا، بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایگەیاندبوو، دانوستانەکانی نێوان عومان‌و ئێران سەبارەت بەگەروی هورمز پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوەو پێشبینیشیکرد، بەمزوانە ڕێککەوتنێک بێتە ئاراوە.

ئەو بەرپرسە ئەوەشی وت، "ئەمریکا کاتێک گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران لادەبات کە ڕێککەوتنێکی فەرمی ڕابگەیەنرێت بۆ گەرەنتیی دەستپێکردنەوەی بێبەربەستی جوڵەی بازرگانیی کەشتیوانی".

بەرپرسەکە جەختیشیکردەوە، ڕێکارەکانی ئەمریکا بەستراوە دەمێننەوە بەپێشهاتەکانی سەر زەوی‌و ڕادەی وەفاداریی ئێران بەپابەندبونەکانییەوە.

لای خۆشییەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی هەینی لەکۆشکی سپی بەڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، دانوستانەکان لەگەڵ ئێران "ئێستا لەبەڕێوەچوندان پێشڤه‌چونیان به‌خۆیانه‌وه‌ بینیوه‌".

به‌گوێره‌ى ئەوەی پێگەی (ئەکسیۆس) ڕۆژی هەینی لەزاری دیپلۆماتکارێکی یەکێک لەو وڵاتانەوە گواستویەتیەوە کە نێوەندگیریی دەکەن، دانوستانکارانی ئێرانی چاوەڕێی ڕەزامەندیی کۆتایی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەکەن لەسەر لێکتێگەیشتنێکی پەیوەندیدار بەکەشتیوانی لەگەروی هورمزدا.

فەرماندەیی سەربازیی ئەمریکا جەخت لەسەرئەوەدەکاتەوە، دەبێت گەروەکە لەڕێگەی ڕێڕه‌وێکی نزیک لەکەناراوەکانی عومانەوە بەڕوی کەشتییە بازرگانییەکاندا ئازادو کراوەبێت، لەکاتێکدا تاران سورە لەسەر بەدەستهێنانی ڕۆڵ لەڕێکخستنی جوڵەی کەشتیوانیدا، بەوپێیەی یەکێکە لەو دوو وڵاتەی کە بەسەر گەروەکەدا دەڕوانن.

بەپەلە