بەرەی مقاوەمە وەڵامی بانگەوازەکەی هادی عامری دایەوەو هێرشەکانیان دواخست

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 301 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرەی مقاوەمەی عێراقی رایگەیاند، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ بانگەوازەکەی هادی عامری ئەمینداری گشتی رێکخراوی بەدر و بەهۆی هەڵوێستی ئەرێنی بەشێک لەسەرکردە سیاسییەکان، بڕیاریاندا هێرشەکانیان بۆ سەر سعودیە و ئەمریکا دوابخەن، کە بڕیاربوو ئەمڕۆ جێبەجێ بکرێت.

بەرەی مقاوەمەی عێراقی لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" دوپاتیدەکەینەوە کە خوێنی پاکی شەهیدان کاڵا نەبوە و نابێتە کاڵایەک لە بازاڕی هاوسەنگی سیاسیدا، داوا لەو کەسانەش دەکەین کە کورسی دەسەڵات کوێری کردون و بێدەنگن لەئاست خوێنی شەهیدان و سەروەری پێشێلکراو، بە خۆیاندا بچنەوە و بێنەوە سەر هۆشی خۆیان ".

بەرەی مقاوەمە پەیامێکی توند ئاراستەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەکات و دەڵێت،" خوێنی شەهید و بریندارەکانمان وزەی خۆڕاگریمانە، سەروەریش بە بەیاننامەی شەرمەزارکەر ناگەڕێتەوە، بەڵکو بەهێز و بازوی ئەو کەسانە دەگەڕێتەوە کە سازش لەسەر پیرۆزی خاک و کەرامەتی شەهیدەکانمان ناکەن ".