شارپرێس:
ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابوری رایگەیاند، بۆ موچەی
مانگەکانی هەشت و نۆ وەزارەتی دارایی پڕۆژەیاسای قەرزی دەرەکیی ئامادەکردوە، دەشڵێت،
دابەشکردنی موچە لە 40 رۆژ جارێکدا وەبەرهێنانە لە کاتدا.
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابوری لەچاوپێکەوتنێکی
میدیاییدا ئاماژەی بەوەکردوە،" دواخستنی دابەشکردنی موچە بۆ 40 ڕۆژ جارێک و
زیاتریش وەبەرهێنانە لە کاتدا، واتە پرۆسەی دابەشکردنی موچە درێژ دەکرێتەوە
تاوەکوو حکومەت بتوانێت بڕێکی دیکە پارە کۆبکاتەوە ".
ئەوەشیخستەڕوو، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچە قەرزی دەرەکی باشترین
بژاردەیە، چونکە ئەگەر قەرزی ناوخۆیی بکرێت دەبێت پارە لەیەدەگی بانکی ناوەندی دەربکرێت،
ئەوەش دەبێتە هۆی دابەزینی بەهای دینار.