سەرۆک پارتێکی تورکیا هێرشێکی توند دەکاتەسەر پڕۆسەی ئاشتیی

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2965 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەسافات دەروێش ئۆغڵو سەرۆکی حزبی باشە (İYİ Parti)ی تورکیا هێرشێکی توندی کردەسەر پڕۆژەیاسای "بەهێزکردنی تەبایی‌و تێکەڵبونی کۆمەڵایەتیی" لەپەرلەمانی تورکیا بەئامانجی تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان بەکۆمەڵگەی تورکیا.


دەروێش ئۆغڵو لەکۆبونەوەی فراکسیۆنی حزبەکەی لەپەرلەماندا، ئەو پڕۆژەیاسایەی بە"بەڵگەنامەی خیانەت" ناوبردو ڕایگەیاند، حزبەکەی بەهیچ شێوەیەک قبوڵی ناکات.

به‌گوێره‌ى وتەکانی ئۆغڵو، ئەو یاسایە دەرگایە بەرەو "کۆماری دوەم" دەکاتەوەو ئارەزوی لەناوبردنی دەوڵەتی ئێستاو دروستکردنی دەوڵەتێکی نوێیە، هەروەها، بەڵێنیدا بەردەوامبێت لەدژایەتیکردنی هەر پڕۆژەیەک کە دەسەڵات بەشێوەی پڕوپاگەندەو ڕه‌شوەی سیاسیی بەکاریدەهێنێت.

دەروێش ئۆغڵو هەروەها پەیامی ڕەتکردنەوەی خۆی بۆ دەرەوەی پەرلەمان گواستەوەو هۆشداریدا، تێپەڕاندنی یاساکە بەزۆرینەی پەڕلەمانیی، واناکات ڕەوایەتیی وەربگرێت، بەڵێنیدا کە مێژوو و خەڵکی تورکیا سزایان دەدەن.

لەکۆتاییدا دەڵێت، "ئەو بەڵگەنامە خیانەتکارە قبوڵناکەین کە پێی دەوترێت یاسای چوارچێوە، هەروەها نابینە بەشێک لەو چەواشەکارییەی بەناوی چارەسەرەوە دەخرێتەڕوو، لێپرسینەوە لەگەڵ هەر کەسێک دەکەین کە هەوڵی دەرکردنی ئەم یاسایە بدات لەناو پەرلەمان‌و دەرەوەی پەرلەمان”.