شارپرێس:
ئێران ڕایگەیاند كە لەگەڵ عومان سەبارەت بە تایبەتمەندییە جوگرافییەكانی هێڵی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز گەیشتوونەتە ڕێككەوتن.
ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند كە هەردوولا لەسەر ڕێڕەوێكی هاتوچۆی دەریایی هاوبەش لە گەرووی هورمز ڕێككەوتوون.
ئاماژەی بەوەشكرد، "بەمەرجێك هیچ ئاستەنگێك لەلایەن لایەنی سێیەمەوە نەبێت، بەیاننامەی هاوبەشی ئێران و عومان لە سەر ڕێككەوتنەكە و خاڵە سەرەكییەكان، لە قۆناغی كۆتایی پێداچوونەوە و داڕشتنیدایە".
جەختی لەوەشكردەوە كە ڕێككەوتنی نێوان هەردوو وڵات، گەرەنتی سەلامەتی گەرووی هورمز ناكات بەتەواوی، بەڵام گفتوگۆكانی نێوان ئێران و عومان وەك دوو دەوڵەتی كەنار دەریای گەرووی هورمز ماوەی دوو مانگە بە ئامانجی دامەزراندنی ڕێڕەوێكی سەلامەت بۆ كەشتیوانی بازرگانی لەم گەروویەدا بەردەوامە. لایەنە پەیوەندیدارەكانمان پێداچوونەوەیان بە لایەنە جۆراوجۆرەكانی تەكنیكی، یاسایی، ئەمنی و ژینگەیی كردووە".