شارپرێس:
رێکخراوی "کەرکوک بۆ هەموان" پەیامێک ئاراستەی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و پەرلەمانی عێراق دەکات و دەڵێت، پارێزگاری کەرکوک دەستی بردوە بۆ هەندێ بابەتی سیاسی کە کاریگەری خراپی لەسەر ژیان و گوزەرانی هەموان هەیە.
رێکخراوی "کەرکوک بۆ هەموان" لەپەیامێکدا ئاماژەی بەوەکردوە،" جێی تێڕامانمانە چەند مانگێکە پارێزگاری کەرکوک لە جیاتی وەک پارێزگاری هەموان هەڵسوکەوت بکات و کێشەی لە ژمارە نەهاتوی رۆژانەی شارەکەمان چارەسەر بکات، دەستی بردوە بۆ هەندێ بابەتی سیاسی کە کاریگەری خراپی لەسەر ژیان و گوزەرانی هەموان هەیە و ئاشتی و تەبایی نێوان هاوڵاتیانی کەرکوک دەخاتە مەترسیەوە ".
ئەوەشیخستەڕوو،" مەخابن هەڵسوکەوت و قسەی تاکڕەوانەی ئەم پارێزگارە کاتیەی کەرکوک لەمەڕ نزیکبونەوە لە دەسەڵاتی تورکیا بێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگا رێگە خۆشکەرە بۆ دەستوەردانی زیاتری تورکیا لە کاروباری ئیدارەی کەرکوک. لە رێگەی بون بە ئەندامی شارەوانی کەرکوک لە ( یەکێتی شارەوانی جیهانی تورک) دەیانەوێ سیمای شار و کەلتوری شارەکەمان بشێوێنن. جێی سەرسوڕمانە شارەوانی کەرکوک بەشداری ئەم بەرنامەیە بوە، ئەنجومەنی کەرکوکیش چاو لەژێرانە بێدەنگی لێکردوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە، جگە لە رێخۆشکردن دەستێوەردانی دەرەکی، ئەم هەنگاوە تاکلایەنەیە، لێکەوتەی خراپی دەبێت، لەوانە:
١- تورکیا دەیەوێ کونترۆلی کەرکوک بکات لە رێگەی لێشاوی پارە و ئابوریەوە.
٢- گۆڕینی ناسنامەی کەرکوک لە رێگەی زیندوکردنەوەی شوێنەوارەکانی داگیرکەری عوسمانی. لێرەوەش مێژوی شار دەشێوێ و کاریگەری دەکاتە سەر مێژوی پێکهاتەکانی تر، وا دەکات تاکی کەرکوکی بە گشتی و تاکی کورد بە تایبەتی گومان لە مێژوی دروستی خۆی بکات.
٣- بەرکەنارکردنی دەسەڵاتی بەرپرسانی هەردو پێکهاتەی کورد و عەرەب.
٤- تەقینەوەی ملمانێی سیاسی و یاسایی.
رێکخراوی "کەرکوک بۆ هەموان" بە چەند خاڵێک داواکارییەکانی دەخاتەڕوو، کە بریتین لەمانە:
١- پارتە سیاسیەکانی پێکهاتەی کورد و عەرەب هەڵوێست و قسەی خۆیان هەبێت.
٢- ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رێگە نەدەن بە هەر بیانویەک بێت مێژو و سیمای کەرکوک بشێوێندرێ. رێگە نەدەن پرسی کەرکوک تێکەڵ بکرێت بە پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان و پشکی ١٥٪ کۆمپانیای تورکی لە پشکەکانی نەوتی کەرکوک .
٣- جەماوەری هەمو پێکهاتەکانی کەرکوک ( کورد، عەرەب، تورکمان، ئاشور و کلدان ) هەڵوێست وەرگرن و لە چوارچێوەی رێگەپێدراوی یاسایی فشاری جەماوەری دروست بکەن.
